رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سلێمانی، دانیشتووانی هەشت گەڕەک ژمارەیان نزیکەی پێنج هەزار ماڵ دەبێت، بەهۆی لابردنی موەلیدە ئەهلییەکانەوە لە تەنگژەیەکی گەورەی بێکارەباییدان. خاوەنی هەندێک لە موەلیدەکان نەک هەر ئامێرەکانیان، بەڵکو کێبڵەکانیشیان کۆکردووەتەوە و رۆیشتوون، ئەوەش باری دارایی هاونیشتمانیانی قورستر کردووە.
زۆرترین زیان بەر کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی "کەنەکەوە" کەوتووە نزیکەی 500 ماڵ لەخۆدەگرێت. رێبین عوسمان، هاونیشتمانییەکی ئەو گەڕەکەیە و دەڵێت: "خاوەن موەلیدەکە بەبێ ئاگاداری ئێمە موەلیدەکەی لابردووە و کێبڵەکانیشی کۆکردووەتەوە. ئێستا ئەگەر کەسێک بیەوێت موەلیدەی نوێ بهێنێت، دەبێت بە بڕی نزیکەی دوو دەفتەر دۆلار (20 هەزار دۆلار) کێبڵ بکڕێتەوە."
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، نەبوونی موەلیدە ژیانی لەو گەڕەکانە سەخت کردووە. کاروان جەمال، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی گەرماوە شەوان ناتوانن لە ناوماڵدا بمێننەوە و دەڵێت: "ئەم شووقانە هەمووی داخراون، کێ بەم گەرمایە ئیدارە دەکات؟ شەوان تاوەکو کارەبا دێتەوە خەڵک هەمووی لە دەرەوەن."
ئەو گەڕەکانەی لە سلێمانی ئێستا بێ موەلیدەن بریتین لە: تاسڵوجە، دارتووی حارس، دارتووی نەزەر، قڕگە، کانی شاسوار، ئاڵیاوا، بەختیاری و کۆمەڵگەی کەنەکەوە.
ئازاد محەممەد، یەکێکی دیکەیە لەو هاونیشتمانییانەی بەدەست بێکارەباییەوە دەناڵێنێت، دەڵێت: "حاڵمان زۆر خراپە، شەو تاوەکو بەیانی لە بێکارەباییدا بە مقەبا باوەشێن دەکەین." هاوکات بابان عوسمان باس لەوە دەکات رۆژانە لە کاژێر 11:00ـی بەیانییەوە کارەبا دەبڕێت و تاوەکو 4 یان 5ـی ئێوارە نایەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری لابردنی ئەو موەلیدانە، فازیل سەعید، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئەو خاوەن موەلیدانەی ئامێرەکانیان لای بردووە، لەبەر ئەوە بووە کاریان نەماوە و چوونەتە سەر کارێکی دیکە. ئەوانەشی تاوەکو ئێستا ماونەتەوە و کار دەکەن، لە پیاوەتیی خۆیانە."
کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئاگاداری کێشەکەن، بەڵام بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی، پێویستیان بە زیاتر لە 10 رۆژی دیکە هەیە.

