رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی تەمەن 30 ساڵی خەڵکی مهاباد کەوتە نێو رووباری (لگبن) لە سنووری پیرانشار و گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ 25ی تەممووزی 2026، سەردار فەداکارموکری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی مهاباد لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەو هاونیشتمانییە دوێنێ هەینی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بۆ شاخەوانی چووەتە ناوچەکە، لە بەرزایی چەند مەترێکەوە کەوتووەتە نێو رووبارەکە، بەهۆی قووڵیی ئاوەکە و نەزانینی مەلەوە نەیتوانیوە خۆی رزگار بکات و گیانی لەدەستداوە.
فەداکارموکری گوتی، بەهۆی شاخاوییبوونی ناوچەکە و بوونی تاڤگە لە رێڕەوی رووبارەکەدا دەرهێنانی تەرمەکە کاتی زۆری ویستووە و هەربۆیە دوای چەند کاژێرێک لە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، تەرمی ئەو هاونیشتمانییە لە ئاوەکەدا دەرهێندرا.
بە گوتەی مێهران ئیبراهیمی، بەڕێوەبەری ناحیەی لاجانی سەر بە شاری پیرانشار، هاونیشتمانییەکە ناوی ناسر تەبەرزە، تەمەن 30 ساڵ و خەڵکی گوندی (قەشقۆنە)ی سەر بە مهابادە.
بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو 888 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاودا خنکابوون کە 748 کەسیان پیاو و 140 کەسیان ژن بوون.



