رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگا لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک ئەو گرێبەستە یەکلادەکەنەوە کە دراوەتە دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی وەرگرتنی پارەی کارەبا لە شارەکەدا بکرێتە کەرتی تایبەت. بە گوتەی دوو ئەندامی ئەنجوومەنەکە، زۆربەیان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەدان.
بڕیارە یەکشەممە، 26ی تەممووزی 2026، کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەنجوومەنی پارێزگا، محەممەد سەمعان پارێزگاری شارەکە و پەرلەمانتارانی کەرکووک بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو گرێبەستەی بۆ دوو کۆمپانیا کراوە تاوەکو پارەی کارەبا لە هاووڵاتییان وەربگرن.
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: هیچ زانیارییەکیان لەسەر وردەکاریی گرێبەستەکە نییە کە چۆن کراوە؛ زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەن لە دژی ئەو گرێبەستەن، چونکە نرخی کارەبا و دانانی پێوەری کارەبا زیادی کردووە، بەبێ ئەوەی بڕی پێویستی کارەبا دابین بکرێت، ئەوەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.
ماوەی چەند مانگێکە ئەو کۆمپانیایانە دەستبەکار بوون و سەرەتا وەک ئەزموون ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کەرکووکی گرتووەتەوە.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە دواتر لەو گەڕەکانە جێبەجێ بکرێت کە زۆربەیان کوردنشینن".
کۆکردنەوەی پارەی کارەبا لە هاووڵاتیان ئامانجی سەرەکیی بڕیاری وەزارەتی کارەبایە بۆ ئەوەی کارەبا بداتە کەرتی تایبەت، بە تایبەتی لە پڕۆژەی زیرەک ناسراوە.
عەبدوڵڵا میروەیس رایگەیاند، پێوەری ئاسایی کارەبا بە زیاتر لە 75 هەزار دینار و پێوەری کارەبای سێ فێز بە زیاتر لە 300 هەزار دینار دەبەستن، بەوەش دەبێت سەرجەم قەرزی کارەبا بدرێت.
لە بانگهێشتی ئەندامانی ئەو کۆبوونەوەیەدا کە پارێزگای کەرکووک ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا گوێ لە بۆچوون و پێشنیازە یاسایی و تەکنیکییەکان دەگیرێت، بۆ ئەوەی راسپاردەی هاوبەش دەربکرێت لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.


