رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکى بانکى ناوەندى عێراق لە دووەم رۆژی دیداری مێری رایگەیاند، ئەو دینارەى لە رێگەى یاسای بودجەوە خەرج دەکرێت بە رێژەیەک کاریگەرى لەسەر دۆلارى بانکى ناوەندى دەکات. هەروەها گوتی، گۆرینى بەهاى دینار کەمتر کاریگەرى لەسەر هەژاران دەبێت .
لە پانێڵەکەدا، کە ئەحمەد تەبەقچەلی بەڕێوەی برد، هەریەک لە د. سەمیر فەخری نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئامار و توێژینەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق، و رەعد حیجازەین، جێگری سەرۆکی بۆردی ئاڕتی بانک بەشدار بوون و بە وردی تیشکیان خستە سەر دۆخی دارایی وڵات.
سەمیر فەخری، راگەیاند، نرخی ئاڵوگۆڕى دراو بۆ عێراق تەنیا پرۆسەی گۆڕینەوەی دراوێکی ناوخۆیی بە دراوێکی بیانی نییە، بەڵکو ئابووریی عێراق کرێخۆرەیە بەو مانایەیە کە پێکهاتەکانی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی زیاتر پشت بە داهاتى نەوت دەبەستێت کە دۆلارە و هەر هەڵبەز و دابەزێک لەم خواستە دەرەکییەدا هەبێت، کاریگەری لەسەر هەموو پێکهاتەکانی ئابووریی عێراق دروست دەکات.
سەمیر فەخری ئاماژەی بەوەدا کە خەرجیی حکومەت پشت بە داهاتى نەوتی دەبەستێت و کاتێک دەڵێین خەرجیی حکومی، واتە خەرجکردن بە دینار؛و ئەویش یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی خواستی گشتی و هەر دینارێک کە خەرج دەکرێت، کاریگەرى بە سەر رێژەی خواست لەسەر دۆلاری بانکی ناوەندی دەبێت، 60٪ بۆ 70٪ لە دینارە خەرجکراوەکانى بودجە کاریگەری لەسەر دۆلار دەبێت .
بانکى ناوەندى عێراق دۆلارى فرۆشى هەناردەى نەوت لە وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ دەکڕێتەوەو بە میکانیزمێک دەیفرۆشێتەوە بە گەشتیاران و بازرگانان.
بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی ئامار و توێژینەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، هەناردەى نەوت 98٪ـی کۆی هەناردەیە و زیاتر لە 93٪ لە داهاتى گشتى پێکدەهێنێت و ئەگەر خەرجی ئاراستە بکرایە بەرەو خەرجیی وەبەرهێنان، مانای ئەوەیە پێکهاتەکانی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی بە شێوەیەکی راست گەشەیان دەکرد و بەمەش داهاتەکان لە سەرچاوە نانەوتییەکان زیاتر دەبوون و بەمەش خواست لەسەر دیناری بانکی ناوەندی کەم دەبووەوە و لێرەدا جۆرێک لە سەقامگیری لەسەر مەودای دوور بەدی دەهات.
سەمیر فەخری رایگەیاند باسی لەوە کرد، هەر بازرگانێک لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە بە نرخی فەرمی دۆلار دەکرێت، مانای ئەوەیە لە بەرامبەر ئەم دۆلارانەدا، دینار هەیە کە دەکێشرێتەوە بۆ بانکی ناوەندی کە هاوسەنگی دەگەڕێنێتەوە تاوەکو سەقامگیری لە ئاستی گشتیی نرخەکاندا بەدی بێت.
بانکى ناوەندى عێراق 100 دۆلار بە 151 هەزار دینار دەداتە بازرگانان و بە 152 هەزار دیناریش دەیداتە گەشتیاران.
بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی ئامار و توێژینەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق گوتى: "قەیرانى دارایی بە دیاریکراوی لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکرد، کاریگەرییەکەی دەرنەکەوت و هەستمان پێ نەکرد وەک کۆمەڵگە تاوەکو مانگی سێ و چوار، چونکە نەوتەکەمان بە قەرز دەفرۆشرێت؛ یان 30 رۆژ یان تاوەکو 60 رۆژ، بەڵام دوای ئەم ماوەیە، نیمچە راوەستانێکی تەواوی ئەو داهاتانە روویدا کە حکومەت لەگەڵ بانکی ناوەندیدا ئاڵوگۆڕی پێدەکات.
د. سەمیر فەخری نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی لە بانکی ناوەندیی عێراق، روونیکردەوە کە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی فەرمیی دۆلار لە 1300ـەوە بۆ 1500 دینار، بڕیارێکی ناچاری بووە بەهۆی ئەو شۆکە بەرهەمهێنانەی کە لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بەر هەناردەی نەوتی عێراق کەوتووە.
د. سەمیر گوتی: "نرخی ئاڵوگۆڕ بە 15٪ بەرزکراوەتەوە، بەڵام بەهای دینار بە رێژەی 13٪ دابەزیوە. ئەم گۆڕانکارییە نابێتە باجی هەڵاوسان بەسەر خەڵکەوە، چونکە بەشێکی زۆری ئەو کاڵایانەی لە سەبەتەی بژێویی خەڵکدان، لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێن."
6ى تشرینى یەکەمی 2026 ، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گۆڕینى بەهاى دینارى بەرامبەر بە دۆلار گۆڕى لە 130 هەزار دینارەوە بۆ 150 هەزار دینار.
سەبارەت بە دەنگۆی کەمبوونەوەی سیولەی نەختی، د. سەمیر فەخری دەنگۆکانی رەتکردەوە و گوتی: "گەنجینەکانی بانکی ناوەندی پڕن لە دینار. بانکی ناوەندی لایەنی دەرکردنی پارەیە نەک کۆکەرەوە، بەڵام هەر دینارێک کە دەردەچێت، دەبێتە قەرز لەسەر دەوڵەت و دەبێت بەرامبەرەکەی یەدەگی دۆلاری هەبێت."
د. سەمیر فەخری دڵنیایی دا کە یەدەگی بیانیی بانکی ناوەندی لە دۆخێکی زۆر باشدایە: "بەپێی ستانداردەکانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی (IMF) دەبێت یەدەگ بەشی 3 بۆ 6 مانگی هاوردەکردن بکات، بەڵام یەدەگی ئێستامان توانای داپۆشینی پسوولەی هاوردەکردنی تەواوی عێراقی بۆ زیاتر لە ساڵێک هەیە." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەناردەی نەوتی عێراق لەم مانگەدا ئاستی 3.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی تێپەڕاندووە، ئەمەش گوشارەکانی سەر بودجە کە مانگانە پێویستی بە 9 بۆ 10 تریلیۆن دینارە، کەم دەکاتەوە.
رەعد حیجازەین، جێگری سەرۆکی بۆردی ئاڕتی بانک باسی لە گیروگرفتەکانی بەردەم بانکەکان کرد و رایگەیاند کە عێراق هێشتا بە سیستەمی "پارەی کاش" کۆنترۆڵ کراوە و دەبێت وەرچەرخان بەرەو بەبانکیکردنی ئابووری رووبدات.
حیجازەین گوتی: "پێوەری هێزی دینار بەوە نییە چەند بەرامبەر بە دۆلار دەکات، بەڵکو بەوەیە چەندە متمانە بە دینار هەیە لە مامەڵەی رۆژانە و پاشەکەوتکردندا. پڕۆژەی جێگیرکردنی مووچە (تەوتین) یەکەم هەنگاو بوو بۆ دوورکەوتنەوە لە کاش."
ئەو شارەزا بانکییە جەختی کردەوە کە پلانی چاکسازیی بانکی لە عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای (ئۆلیڤەر وایمان) لە قۆناخی جێبەجێکردندایە، بە ئامانجی فراوانکردنی تۆڕی بانکە پەیامنێرەکان (Correspondent Banking)، وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەستنەوەی بانکە عێراقییەکان بە سیستمە داراییەکانی جیهان و ناوچەکەوە تاوەکو متمانەی نێودەوڵەتی بۆ بانکەکان بگەڕێتەوە.



.jpeg&w=3840&q=75)
