رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵی خوێندنی 2025-2026، ژمارەی ئەو قوتابییانەی لە تورکیا و باکووری کوردستان وانەی کوردییان بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی هەڵبژاردووە، ژمارەی پێوانەیی شکاند و گەیشتە بەرزترین ئاستی 15 ساڵی رابردوو.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا کە رێکخراوی (مەمور-سەن) و سەنتەری (راوێست)ـەوە کۆکراونەتەوە، داواکاری بۆ وانەی (زمان و زاراوە زیندووەکان) بۆ ساڵی خوێندنی نوێ بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
کرمانجی لە پلەی یەکەمە
بەپێی داتاکان، 37 هەزار و 406 قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە.
دابەشبوونی قوتابییەکان بەسەر شێوەزارەکاندا بەم شێوەیە:
- کرمانجی: 30 هەزار و 441 قوتابی (81.4٪ـی کۆی گشتی).
- زازاکی: 4 هەزار و 488 قوتابی (12٪ـی کۆی گشتی).
- شێوەزاری دیکە (ئەدیگی، بۆسنەکی و لازی): ژمارەیەکی کەم بوون.
ئامارەکان لە شارەکانی باکووری کوردستان
زۆرترین داواکاری بۆ وانەی کرمانجی لە شارەکانی ئامەد، مێردین و ئێلێهـ بووە. 60٪ـی کۆی قوتابییانی کرمانجی دەکەونە ئەم سێ شارە. ئاماری هەندێک لە شارەکان بەم شێوەیەیە:
- ئامەد: 7,421 قوتابی
- مێردین: 6,058 قوتابی
- ئێلیهـ: 4,694 قوتابی
- جۆلەمێرگ: 3,226 قوتابی
- وان: 2,971 قوتابی
لە بەرامبەردا، پارێزگای چەولیک بە ناوەندی سەرەکیی زاراوەی زازاکی دەمێنێتەوە، کە تێیدا 3 هەزار و 21 قوتابی ئەو زاراوەیەیان هەڵبژاردووە.
گۆڕانکاری لە ئاستی پارێزگاکان
بەراورد بە پار، ئارەزووی قوتابییان بۆ وانەی کوردی لە هەندێک شار زیادیکردووە و لە هەندێکی دیکە کەمیکردووە:
- زیادبوون: بەدلیس (+47٪)، وان (+31٪)، ئاگری (17+٪)
- کەمبوون: رووها (-35٪)، جۆلەمێرگ (-16٪)، ئامەد (-10٪)
کچان و کوڕان بە یەکسانی کوردی دەخوێنن
ئامارەکان دەری دەخەن کە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان رەگەزی ئەو قوتابییانەدا نییە کە وانەی کوردی هەڵدەبژێرن؛ 51.3٪ـیان کوڕ و 48.7٪ـیان کچن، ئەمەش هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی لە خواستی فێربوونی زمانی دایک نیشان دەدات.
بەرزترین ئاست لە 15 ساڵی رابردوودا
ئەمە گەورەترین بازدانی ئامارییە لە مێژووی وانەی بژاردەی کوردی دا. لە ساڵی 2020ـەوە تاوەکو ئێستا، داواکاری بۆ وانەی کوردی بە رێژەی 295٪ زیادیکردووە. هەروەها ژمارەی پێوانەیی ساڵی 2015ـەشی شکاندووە و بە رێژەی 60٪ لەو ساڵە زیاترە.
دۆخی مامۆستایان
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە زۆربەی مامۆستایانی زمانی کوردی لە ناوچەکانی باکووری کوردستان نیشتەجێکراون، کە هاوتایە لەگەڵ شوێنی داواکاریی قوتابییان. بەڵام لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و ئەنتاڵیا، سەرەڕای هەبوونی کۆچبەرێکی زۆری کورد، دامەزراندنی مامۆستایانی زمانی کوردی زۆر سنووردارە.
پاشخان
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکان دا دەخوێندرێ. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە.
بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتییان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوک و دایکی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.



