رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بۆ دوو جار هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی راگرت، ئەمڕۆ گەشتەکانیان ئاسایی کردەوە.
بەرپرسێکی ئاگادار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەمڕۆ 23ـی تەمموزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا گەشتەکانیان ئاسایی کردەوە".
بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، لە 17ـی تەمموزەوە هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا وەکو تورکیش ئێرلاینز، پێگاسۆس و ئەی جێت، گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی راگرتبوو.
بەگوتەی بەرپرسەکەی فڕۆکەخانە، ئەمڕۆ دوو لە کۆمپانیا تورکییەکان گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەبووە.
بەگوێرەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی، ئەمڕۆ کاژێر 06:50ـی بەیانی، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای پێگاسۆس لە ئیستەنبووڵەوە گەیشتووەتە سلێمانی و کاژێر 08:02 گەڕاوەتەوە ئیستەنبووڵ.
گەشتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە رێگەی هێڵە فڕۆکەوانییەکانی فڵای ئەربیل و هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە رانەگیرابوون.
هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان یان راگرتنی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، پشت بە راپۆرتی حکومەتی تورکیا دەبەستن سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئاسایشی ئاسمانیی ناوچەکە.



