رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دەروازەی سنووری مێران دەڵێت: لە 24 کاژێردا زیاتر لە 19 هەزار زیارەتکار لە دەروازە سنوورییەکەی پارێزگای ئیلامەوە هاتووچۆیان کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، عەلی کوێخایی، بەڕێوەبەری گشتیی دەروازەی سنووری مێران لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "65٪ـی زیارەتکارانی ئێرانی بە مەبەستی چوون بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق دەروازەی سنووری مێران هەڵدەبژێرن."
عەلی کوێخایی گوتی: "تەنیا لە 24 کاژێردا 19 هەزار کەس لە دەروازەکەوە هاتووچۆیان کردووە."
عەلی کوێخایی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا، حەوت هەزار کەس لە سنووری مێرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
بەشی زۆری ئەو کەسانە بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن دەچنە عێراق.
چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، ساڵانە لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت و جگە لە خەڵکی ئەو پارێزگایە، هاووڵاتیی شیعەی شارەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دیکە بەشداری دەکەن.
پێشتر ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلام رایگەیاندبوو: "خزمەتگوزارییەکان وەک شوێنی حەوانەوە، نوێژکردن و راگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ زیارەتکاران ئامادەکراون."
چەند ساڵێکە زیارەتکاران لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی باشووری کوردستانیشەوە دەچنە کەربەلا و شوێنە پیرۆزەکانی دیکە لە عێراق.
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران 7 دەروازەی سنووری هەن؛ سێ فەرمی و چواری نیمچە فەرمی.




