رووداو - دیجیتاڵ
دوو مانگە قەیرانێکی سەخت رووی لە سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە لە هەولێر کردووە؛ بەهۆی نەگۆڕینی فلتەرە بایلۆژییەکان، 13 ئامێر بەتەواوی پەککەوتوون و دەیانی دیکەش بە سستی کاردەکەن. تەندروستیی هەولێر دەڵێت، بەغدا فلتەری بۆ نەخۆشخانەکانی ئەنبار و شەرگات ناردووە، بەڵام بۆ هەولێر دەڵێن "نییە".
ژیانی 830 نەخۆشی شوشتنی گورچیلە لە هەولێر بەندە بەو ئامێرانەی کە ئێستا بەشێکی زۆریان لەکار کەوتوون. ئەمهڵ محەممەد، کە هاوەڵی نەخۆشێکی گورچیلەیە، بە رووداوی گوت: "لە بەیانییەوە لێرەین و تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە غەسڵ بۆ نەخۆشەکەمان بکەین، ئامێرەکان تێکچوون و کار ناکەن."
هیمداد حەمەدەمین، هاوەڵێکی دیکەی نەخۆشە و باس لە خراپیی دۆخەکە دەکات و دەڵێت: "لەم بەشەدا دوو ئامێر کار ناکەن، لەولاش سێ ئامێر و لە بەشێکی دیکەش پێنج ئامێر پەککەوتوون، ئێمە و نەخۆشەکانمان ماندوو بووین بەدەست ئەم ئامێرە کۆنانەوە."
لە سنووری پارێزگای هەولێر 90 ئامێری شوشتنی گورچیلە هەن کە پێویستیان بە گۆڕینی فلتەرە بایلۆژییەکانە (ئەو فلتەرانەی تایبەتن بە پاڵاوتنی ئاو)، بەڵام دوو مانگە ئەو فلتەرانە دابین نەکراون. بەهۆی ئەم پشتگوێخستنەشەوە، تاوەکو ئێستا 13 ئامێر بەتەواوی لەکار کەوتوون.
کۆچەر مەقسوود، بەرپرسی سەنتەرەکانی گورچیلە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین جار بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە. ئەو دەڵێت: "بەغدا دەڵێت فلتەرمان نییە، بەڵام ئێمە رۆژانە دەبینین لە گرووپەکاندا کە بۆ نەخۆشخانەکانی ئەنبار و شەرقات فلتەر دابین کراوە و گۆڕدراون، تەنیا بۆ هەولێر دەڵێن نییە."
ئاماری سەنتەرەکانی گورچیلە لە هەولێر:
- کۆی نەخۆشەکان: 830 کەس کە پێویستیان بە شوشتنی گورچیلەیە.
- سەنتەرەکان: 7 سەنتەری شوشتنی گورچیلەی دەستکرد لە پارێزگاکەدا هەن.
- چارەسەری رۆژانە: رۆژانە نزیکەی 250 نەخۆش کرداری شوشتنیان بۆ دەکرێت.
- ئامێرە پەککەوتووەکان: 13 ئامێر بەتەواوی وەستاون.
ئێستا نەخۆشەکانی هەولێر لە نێوان ناردنی فلتەرەکان لە بەغداوە و پەککەوتنی یەک لەدوای یەکی ئامێرەکاندا، لە دۆخێکی دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەژین، چونکە دواکەوتنی هەر ژەمە غەسڵێک، مەترسیی جددی لەسەر ژیانیان دروست دەکات.