رووداو دیجیتاڵ
سەرجەم فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە فەرمی داوای گەڕانەوەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەکەن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "چاوەڕێی بڕیاری سەرکردایەتیی حیزب دەکەین."
حەسەن مەجید رەشید، ناسراو بە مامۆستا حەسەن، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ نوێنەرانی سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرۆکایەتیی محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەن سەردانی فراکسیۆنی پارتییان کرد و بە نووسراوی فەرمی و واژۆی سەرجەم فراکسیۆنەکان داوایان کرد فراکسیۆنی پارتی بگەڕێتەوە و بەشداریی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکات."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، وێڕای ئەوەی پێشوازیی لەو هەنگاوە کرد، گوتی: "چاوەڕێی بڕیاری سەرکردایەتیی حیزب دەکەین. حیزب هەر بڕیارێک بدات، ئێمە پێوەی پابەندین."
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت؛ 7 کورد (5 یەکێتی و 2 پارتی)، (6 عەرەب) و (2 تورکمان) و کۆتای کریستیان.
هەر لەوبارەوە شۆخان حەسیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داواکاریی فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکمان بۆ سەرکردایەتیی حیزب ناردووە و ئەوانمان ئاگادار کردووەتەوە. سەرکردایەتیی حیزب هەر بڕیارێک بدات، ئێمە پێوەی پابەند دەبین."
شەوی (10-08-2024) نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە پێکهاتبوون لە پێنج ئەندامی یەکێتی، ئەندامێکی کریستیان و سێ ئەندامی عەرەب لە هۆتێل رەشید لە شاری بەغدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کرد و تێیدا رێبوار تەها، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پارێزگار و محەممەد حافز، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لەو کاتەوە فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)