رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانیی خەڵکی ورمێ لە کاتی لێکردنەوەی گێلاس لەسەر دار کەوتنە خوارەوە و گیانیان لەدەستدا.
رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، هاونیشتمانییەک لە گوندی بالوی سەر بە شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی لێکردنەوەی گێلاس، رووداوی کەوتنەخوارەوە لەسەر دارگێلاسەکان زیاد دەکات."
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "لە سێ رۆژدا دوو گەنجی خەڵکی پارێزگای ورمێ لە کاتی لێکردنەوەی گێلاس لەسەر دار کەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لەدەستداوە."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، یەکێک لەو هاونیشتمانییانە ناوی (ش. ن. پ)، خەڵکی گوندی بالو بوو و ئەوی دیکەشیان ناوی (پ. ع)، خەڵکی ناوچەی ئەنزل و باوکی سێ منداڵ بوو.
پارێزگای ورمێ بە گێلاس بەناوبانگە و ساڵانە نزیکەی 18 هەزار تۆن بەرهەمی گێلاس لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێندرێت کە زۆربەی لە سنووری شاری شنۆیە.




.jpg&w=3840&q=75)