رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، رێگەی هاوردەکردنی بەشێک لە کاڵا ستراتیژییەکان بۆ هەرێمی کوردستان گۆڕدراوە. سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران رایدەگەیێنێت: ئەو کاڵایانەی پێشتر لە 40 رۆژدا دەگەیشتنە هەرێمی کوردستان، ئێستا گەیشتنیان نزیکەی چوار مانگ دەخایێنێت.
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گرانییەکی کەم لە بازاڕەکانی ناوخۆ لە بواری خۆراکدا هەستی پێدەکرێت، چونکە بەشێکی هاونیشتمانییان لە ترسی گرانبوونی کاڵا لە داهاتوودا، کەوتوونەتە کڕینی شتومەکی زۆر و کۆگاکردنیان لە ماڵەکانیاندا."
سەبارەت بە بڕی خۆراک لە ناوخۆدا، مستەفا عەبدولڕەحمان دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "بۆ نزیکەی چوار مانگی داهاتوو کاڵای پێویست لە کۆگاکاندا هەڵگیراون و تاوەکو ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر کەمیی خۆراک نییە." ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوردەکردنی کاڵا لە وڵاتانی دراوسێوە (بەتایبەت ئێران و تورکیا) بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و دەروازە سنوورییەکان کراوەن.
بەهۆی کێشەکانی تەنگەی هورمز، هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی لە وڵاتانی دوورەوە دێن (وەک برنج، رۆن و شەکر) رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە. سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران روونیکردەوە کە ئێستا رێگەی ئەو کاڵایانە گۆڕدراوە بۆ ئوردن، مێرسین و عەقەبە، ئەمەش وایکردووە کاتی گەیشتنیان لە 40 رۆژەوە بۆ نزیکەی چوار مانگ درێژ ببێتەوە.
مستەفا عەبدولڕەحمان هۆشداری دا کە ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە درێژە بکێشێت، تێچووی گواستنەوە و هاوردەکردن زیاتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی کاڵاکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، چونکە ناوچەکە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی زۆرترین پشت بە هاوردە دەبەستێت.
.jpg&w=3840&q=75)


