رووداو دیجیتاڵ
دوای حەوت ساڵ لە بێئاوی، پڕۆژەیەکی گەیاندنی ئاو هیوا بۆ دانیشتووانی 10 گوندی دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری قەزای رواندز دەگەڕێنێتەوە و کارکردن لە پڕۆژەکەش بەردەوامە.
پڕۆژەکە بریتییە لە راکێشانی هێڵێکی ئاو لە هاوینەهەواری بێخاڵەوە بۆ گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان بە درێژایی 8 کیلۆمەتر.
رەوەز ئەیوب، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، بە رووداوی گوت: "پڕۆژەکە پێکهاتووە لە دانانی هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی ئاو و تۆڕی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵەکان. ئێستا لە قۆناغی دووەمی جێبەجێکردنداین و 60%ـی کارەکانی دانانی بۆریی سەرەکی و کۆگاکە تەواو بووە."
پڕۆژەکە بە بودجەی نزیکەی دوو ملیار و 600 ملیۆن دینار لە دوو قۆناغدا جێبەجێ دەکرێت. قۆناغی یەکەمی تەواو بووە و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە کارەکانی دیکە بەڕێوەدەبرێن.
ئومێد بەرزێوەیی، خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکار، دەڵێت: "ئەو کەرەستانەی بەکاریدەهێنین ستانداردی جیهانین. ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە شەش مانگە، بەڵام ئێمە زووتر لەو ماوەیە تەواوی دەکەین."
گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان لە ناوچەیەکی شاخاویدان و سەرچاوەی سەرەکیی ئاویان کانیاو بووە، بەڵام بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زۆربەیان وشکیان کردووە.
جەرجیس حەمەدئەمین، دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانە و دەڵێت: "ماوەی شەش بۆ حەوت ساڵ دەبێت ئاومان بە تانکەر بۆ دێت. ئێستا زۆر دڵخۆشین بەم پڕۆژەیە و خەڵک خواستی گەڕانەوەی بۆ گوند زیاد بووە."

