رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی، 09-10-2026، دوای 74 رۆژ لە مانەوەیان لە لیبیا، 11 کۆچبەریی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە و چاویان بە کەسوکاریان شاد بووەوە.
ئەو 11 گەنجە، کە هەشتیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن و سێکیان دانیشتووی سلێمانین، بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا روویان لە لیبیا کردبوو، بەڵام لەوێ لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.
سەرکان تاڵیب، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ و یەکێک لە گەڕاوەکانە. ئەو بەمشێوەیە باس لە سەختییەکانی رێگەکە دەکات: "ناخۆشییەکی زۆرم لەو رێگەیە بینی، ئەوروپام لەبەرچاو کەوت. کوردستان بەهەشتە لەچاو ئەو شوێنانە، چونکە لەوێ هەم زیندانی دەکرێیت و هەمیش ئازاری دەروونی دەدرێیت."
کەسوکاری گەنجەکان بە گریانەوە پێشوازییان لە رۆڵەکانیان کرد. حەسەن رەسوڵ، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکان، دەڵێت: "کوڕەکەمان لای مافیا نەبووە، بەڵکو لای قاچاخچی بووە. قاچاخچییەکە رێگەی نەبووە بەڕێیان بکات."
لەلایەکی دیکەوە، تاڵیب شێخە، باوکی یەکێکی دیکە لە گەڕاوەکان، هۆشداری دەداتە ئەو گەنجانەی بەنیازى کۆچن و دەڵێت: "داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم بڕوا بە قاچاخچییەکان مەکەن، چونکە هەموویان خەریکی فێڵ و قۆڵبڕینی خەڵکن."
ئاسان دەستکەوتنی ڤیزای لیبیا لە ماوەی رابردوودا، بازاڕی قاچاخچییەکانی بۆ بردنە ئەوروپا گەرم کردووە. بەپێی زانیارییەکان، هەر کۆچبەرێک بیەوێت لە رێگەی لیبیاوە بگاتە ئیتاڵیا، دەبێت لانیکەم 17 هەزار دۆلار بداتە قاچاخچییەکان.
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەران، رایگەیاند: "قاچاخچییەکان هەموویان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و زیاتر لە توونس، لیبیا و تورکیان؛ ئەوانەی لێرە ئاسانکاری بۆ کۆچی گەنجان دەکەن، تەنیا دەڵاڵ و چەرچین و سەر بەو تۆڕانەن."
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەران، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 500 کۆچبەر لە توونس و لیبیاوە دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، هاوکات چارەنووسی 21 کۆچبەری دیکەی کورد لەو رێگەیەدا نادیارە.
