رووداو - دیجیتاڵ
شاندی "دەم پارتی" دوای دیدارێکی 5 کاژێری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی، پەیامێکی ئۆجەلانیان کردەوە، کە تێیدا داوا دەکات هاوپەیمانیی مێژوویی کورد و تورک بگوازرێتەوە سەر زەوینەیەکی یاسایی و بۆ دەستپێکردنی قۆناخی نوێ، چەک بە تەواوەتی وەلابنرێت.
شاندی پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، رۆژی دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و چۆنیەتیی داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ کران.
ئۆجەلان لە رێگەی شاندەکەوە پەیامێکی ئاراستەی رای گشتی کردووە و تێیدا هاتووە: "کاتی ئەوە هاتووە زەوینەیەکی یاسایی بونیاد بنرێت کە رەچاوی خاڵە هەستیارەکانی لایەنەکان بکات. پێویستە قۆناخی یاسایی دەستپێبکات، پێکدادان و چەک بە تەواوەتی وەلابنرێن و لاپەڕەیەکی تەواو نوێ هەڵبدرێتەوە."
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەخت لە هاوپەیمانیی مێژوویی کورد و تورک دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەگەر تورک لە کورد جیا بکەیتەوە کورد نامێنێت، ئەگەر کورد لە تورک جیا بکەیتەوە تورک نامێنێت. پێویستە یاسای نەرێنی بگۆڕدرێت بۆ یاسای ئەرێنی و لە کۆمارێکی دیموکراتیکدا بە یەکسانی و ئازادی پێکەوە بژین."
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی تورکیا ئامادەکاری بۆ پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەکات. گەیاندنی ئەم پەیامە لەلایەن ئۆجەلانەوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ ئامادەکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی سەرکردایەتیی پەکەکە لە قەندیل، بۆ ئەوەی پشتگیری لە پڕۆژەیاساکە بکەن و بە دەنگییەوە بچن.
شاندی دەم پارتی ئەم بانگەوازەی ئۆجەلانیان بە "مێژوویی" وەسف کرد و سووربوونی خۆیان دووپاتکردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە دیالۆگی بونیادنەر لەگەڵ پەرلەمانی تورکیا و سەرجەم دامەزراوەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام لەسەر بنەمای برایەتی و یەکسانی.
دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان:
"بە پابەندبوون بە رۆحیەتی بانگەوازەکەی 27ی شوبات، رژدین لەسەر هەنگاونان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی برایەتیدا. لە لێواری وەرچەرخاندنی هاوپەیمانیی مێژوویی و یەکێتیی کورد و تورکین بۆ زەوینەیەکی یاسایی، کە راستییەکی مێژوویی ئەنادۆڵە و لە هەموو قۆناخە هەستیارەکاندا لە یەکدی دانەبڕاون. راستیی (ئەگەر تورک لە کورد جیا بکەیتەوە کورد نامێنێت، ئەگەر کورد لە تورک جیا بکەیتەوە تورک نامێنێت) پێمان دەڵێت کە پەرەپێدانی ژیانی هاوبەش و مافی یەکسانی پێویستییەکی روونە.
کاتی ئەوە هاتووە زەوینەیەکی یاسایی بونیاد بنرێت کە رەچاوی خاڵە هەستیارەکانی لایەنەکان بکات. کردنەوەی ئەم رێگەیە دەرفەتێکی مێژووییە، با بە وازهێنان لە تێڕوانینی سادە و بەرتەسک بۆ داهاتوو، هەموومان پێکەوە ژیانێکی هاوبەش بونیاد بنێین. لەو چوارچێوەیەی لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیادا ئاماژەی پێکراوە، دەبێت هەمووان بۆ دەستپێکردنی قۆناخی یاسایی، وەستاندنی تەواوەتیی ململانێ و وەلانانی چەکەکان و کردنەوەی لاپەڕەیەکی تەواو نوێ، ئەوەی لە دەستیان دێت بیکەین.
هاوپەیمانیی کورد و تورک، بەردی بناخەی داهاتووی هاوبەشی ناوچەی ئەنادۆڵە. دەبێت لە هەر هەنگاوێکدا کە دەنرێت، کولتووری ئەم خاکە بکرێتە بنەما. لە رێگەی هەنگاوە یاساییەکانەوە دەکرێت ئەم هاوپەیمانییە بگەیێندرێتە زەوینەیەکی یاسایی بەردەوام و لە کۆمارێکی دیموکراتیکدا بە یەکسانی و ئازادی پێکەوە بژین. پێویستە یاسای نەرێنی بگۆڕدرێت بۆ یاسای ئەرێنی. مێژوو دەرفەتێکمان پێدەبەخشێت بۆ بونیادنانی ژیانی هاوبەش و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە چوارچێوەی یەکسانی و دادپەروەریدا. باوەڕی تەواوم هەیە کە هەموومان پێکەوە ئەم دەرفەتە بەکار دەهێنین."


.jpg&w=3840&q=75)
