رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بۆ دوو جار هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی راگرت، سبەی دوایین کاتی راگیرانەکەیە. بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت، کۆمپانیاکان دڵنیا نین کە 23ـی تەمموز گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.
بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، 17ـی تەمموز هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا وەکو تورکیش ئێرلاینز، پێگاسۆس و ئەی جێت، گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی راگرت.
سەرەتا گەشتەکان تاوەکو 20ـی تەمموز راگیران، دواتر درێژکرایەوە بۆ 22ـی تەمموز و بەگوێرەی ئەو بڕیارە، ئەگەر کاتەکە درێژ نەکرێتەوە دەبێت 23ـی تەمموز گەشتی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
بەرپرسێکی باڵا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان لەسەر هێڵین، بەڵام تاوەکو ئێستا خۆشیان دڵنیا نین کە 23ـی تەمموز گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە یان راگرتنەکە درێژ دەبێتەوە".
بەگوێرەی ماڵپەی فڵای ستاتس بۆ چاودێری فڕۆکەوانی، تاوەکو 22ـی تەمموز گەشتی هێڵە تورکییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان راگیراون و بۆ 23ـی تەمموز گەشتەکان دەکرێن، ئەگەر راگرتن درێژ نەکرێتەوە.
گەشتەکانی نێوان باشووری کوردستان و تورکیا لە رێگەی هێڵە فڕۆکەوانییەکانی دیکەوە بەردەوامە. ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی، کەرکووک و هەولێرەوە گەشتی چوون و هاتن بۆ تورکیا هەیە، بەڵام لە رێگەی کۆمپانیاکانی فڵای ئەربیل و هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکووک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە دوای 28ـی شوباتەوە، گەشتی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ فڕۆکەخانەکەمان راگیرا و تاوەکو ئەمڕۆ نەکراوەتەوە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک گوتی: "جگە لە کۆمپانیا تورکییەکان، رۆژانە لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە گەشتی چوون و هاتنمان بۆ فڕۆکەخانەکانی تورکیا هەیە".
هێلە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، پشت بە راپۆرتی حکومەتی تورکیا دەبەستن سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئاسایشی ئاسمانیی ناوچەکە.


.jpg&w=3840&q=75)
