رووداو دیجیتاڵ
تیمە تەندروستییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی میدیاد لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، بێبەرامبەر پشکنینی شێرپەنجە بۆ ژنانی گوندەکان دەکەن.
تیمێکی پسپۆڕی 12 کەسیی بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی گوندەکان دەکەن بۆ پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک و منداڵدان.
پڕۆسەکە لە چوارچێوەی بەرنامەی نیشتمانیی پشکنینی شێرپەنجەی وەزارەتی تەندروستیدا بەڕێوەدەچێت.
بۆ ژنانی تەمەن 40 تا 69 ساڵ پشکنینی بێبەرامبەری شێرپەنجەی مەمک و بۆ ژنانی تەمەن 30 تا 65 ساڵ پشکنینی بێبەرامبەری شێرپەنجەی منداڵدان دەکرێت.
هاوکات رێنمایی تەندروستی و هۆشیاری لەسەر رێگەکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجە پێشکەش دەکرێت.
د. کەنعان ئیکای ئاڵپ، بەڕێوەبەری تەندروستی میدیاد رایگەیاند، دوو ئۆتۆمبێلی گەڕۆکیان ئامادە کردووە بۆ ناوچە دووردەستەکان، ئەو هاووڵاتییانەی کێشەی هاتووچۆشیان هەیە ئامرازی گواستنەوە دەستەبەر کراوە تاوەکو بگەنە شوێنی پشکنینەکان.
ئەم هەڵمەتەی وەزارەتی تەندروستی دوای ئەوە هات کە بەهۆی دوورەدەستیی گوندەکان و زەحمەتیی هاتووچۆ بۆ ناوەندی شارەکان، بەشێکی زۆری ژنانی ناوچە گوندنشینەکان دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و پشکنینە خێراکان نەدەگەیشت.
ئەمەش ببووە هۆی درەنگ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە؛ لەبەر ئەوە، وەزارەتەکە رێکاری رەوانەکردنی تیمی گەڕۆکی گرتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پاراستنی تەندروستیی گشتی.

.jpg&w=3840&q=75)

