رووداو دیجیتاڵ
دوو
بوومەلەرزە بە گوڕی 5.2 و 5.7 پلەی رێختەر کرماشان و دەوروبەریان هەژاند.
میدیای
فەرمیی ئێران رایگەیاند، کاژێر 7:13ی بەیانیی ئەمڕۆ (کاژێر 6:43 بەکاتی هەولێر)
بوومەلەرزەیەک لە شاری کوزەرانی سەر بە کرماشان روویداوە، دوای پێنج خولەک،
بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 5.7 پلەی رێختەر روویداوە.
سەنتەری بوومەلەرزەزانیی
نیشتمانیی سەر بە پەیمانگای جیۆفیزیکی زانکۆی تاران رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە
قووڵایی 8 کیلۆمەتر بووە. ناوەندی بوومەلەرزەکە 17 کیلۆمەتر لە کووزەران، 23 کیلۆمەتر
لە گەوارە و 26 کیلۆمەتر لە روانسەرەوە دوور بووە.
هەروەها ئاماژە بەوە
کراوە، شوێنی بوومەلەرزەکە 65 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای کرماشان و 98 کیلۆمەتر
لە شاری سنەوە دوورە. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی قەبارەی زیانە گیانی و
مادییەکان رانەگەیێندراوە.
بوومەلەرزەکان لە ئیلام، هەمەدان، سنە، لوڕستان و لە باشووری کوردستانیش لە سلێمانی و هەڵەبجە هەستیان پێکراوە.


