ئەمڕۆ دوای نوێژی هەینی، دانیشتووانی گەڕەکی
(تل حەجەر) لە شاری حەسەکە، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای
سووریاوە، داوای چەسپاندنی تەواوەتیی دەسەڵاتی حکومەتی عەرەبیی سووریایان کرد لە
ناوچەکە، بەڵام زۆری نەبرد خۆپیشاندانەکە ئاڵۆزی تێکەوت و هەوڵدرا بچنە نێو
گەڕەکەکانی دیکە کە دانیشتووانەکەی کوردن، بەڵام هێزە ئەمنیەکان رێگەیان نەدان.
عەرەبەکانی حەسەکە چییان دەوێ؟
عەرەبی دانیشتووی حەسەکە، کەمینەن و لە گەڕەکەکانی تل حەجەر و غوێران نیشتەجێن، دوای تێکەڵبوونەوەی ئیدارەی خۆسەر بە حکومەتی سووریا، بەردەوام
داوای چەسپاندنی تەواوەتیی دەسەڵاتی دیمەشق دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێک
خۆپیشاندانیان کردووە.
حەسەکە شارێکی کوردستانییە، سەرەڕای
تێکەڵبوونی رێڤەبەری خۆسەر لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، هێشتا دانیشتووانەکەی (کورد)
نایانەوێ جگە لە کورد، فەرمانڕەوای دیکەیان هەبێ، ئەمەش وای کردووە کە دوو بۆچوونی
دژ بەیەک دروست ببێ.
خۆپیشاندانی کورد و بریندارکردنی چەکد
هاونیشتمانییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
شەوی رابردوو، شاری حەسەکە
رووبەڕووی ئاڵۆزی و گرژییەکی تووند بووەوە؛ دوای گردبوونەوەی گەنجانی کورد لە چەند
گۆڕەپانێکی شارەکەدا. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ بڵاوەپێکردنی گەنجان، تەقەی زۆریان
کرد.
رامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەند هاووڵاتییەکی
کورد لە دەوروبەری مەیدانی (حەمامە) بریندار بوون. هەروەها بەهۆی تەقەی بەردەوامەوە،
زیانێکی زۆر بە موڵک و ماڵی خەڵکی سڤیل گەیشتووە.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە
هات کە لە گەڕەکی موفتی گردبوونەوەیەک بۆ داواکردنی مافەکان کرا، بەڵام پێکدادان لە
نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو. "ئاسایش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە
هێزی بەکار هێنا و تەنانەت بە قۆناخە تفەنگ لە چەند ئۆتۆمبێلێکی خۆپێشاندەرانیان
داوە."
خۆپیشاندانی ئەمڕۆ و هەوڵی هێرشکردنە سەر
گەڕەکی کورد
دوای نوێژی نیوەڕۆی ئەمڕۆ
هەینی 09-10-2026، عەرەبەکانی گەڕەکی غوێران و تل حەجەری عەرەبنشینی حەسەکە لە رۆژئاوای
کوردستان گردبوونەوە، دواتر بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریا و وێنەی کوژراوەکانیانەوە
بەرەو گەڕەکە کوردییەکانی شارەکە بەڕێکەوتن.
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری
رووداو لەنێو خۆپیشاندەرانەوە گوتی: "عەرەبەکان داوا دەکەن حکومەتی سووریا دەسەڵاتی
خۆی بەسەر شاری حەسەکە و تەواوی پارێزگاکەدا بسەپێنێت."
پەیامنێری رووداو
ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی هەوڵێکی زۆریان دا، بەڵام ئاسایشی گشتی و ئاسایشی
رۆژئاوای کوردستان رێگەیان نەدا خۆپیشاندەرە عەرەبەکان بچنە گەڕەکە کوردییەکانەوە.
عەرەبەکانی حەسەکە لەبەردەم
گەڕەکی (تل حەجەر) گردبوونەوە و دیوارێکیان لەبەردەمیاندا دروست کرد و دوای زیاتر
لە دوو کاژێر، خۆپیشاندانەکە کۆتایی هات.
ڤیڤیان فەتاح گوتی، چەند
رۆژێکە چالاکڤانە عەرەبەکانی حەسەکە داوا دەکەن خۆپیشاندان بکەن و داوای ئەوە بەرز
بکەنەوە، کە ئەوان دەیانەوێ حکومەتی سووریا باڵادەستیی خۆی بەسەر تەواوی پارێزگای
حەسەکەدا بسەپێنێت.
خۆپیشاندەرە عەرەبەکانی
حەسەکە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریا و بە ئۆتۆمبێل بە شەقامەکانی
شارەکەدا دەسووڕێنەوە و دروشمی جیاواز دەڵێنەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
