رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی پارێزگاری کەرکووک، 415 موختار دووردەخرێنەوە. بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا ئەو موختارانە ماوەی یاساییان تەواو کردووە و دەبێت لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگیان لەسەر بدرێتەوە.
بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو موختارانە، رۆژی چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026 لەلایەن محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک دەرچووە، کە سنووری زۆربەی قەزا و ناحیەکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە.
هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2026، عەبدوڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو موختارانەی دوور خراونەتەوە لە هەموو نەتەوە و ناوچەکانن، بەهۆی ئەوەیە کە ماوەی یاسایی کارکردنیان تەواو بووە کە چوار ساڵە.
بەگوێرەی یاسای موختارەکان، هەر گوندێک ژمارەی دانیشتووانی لە 300 کەس زیاتر بێت موختارێکی دەبێت و هەر موختارێک ماوەی کارکردنی بۆ چوار ساڵە.
عەبدوڵا میروەیس رایگەیاند، ئەو موختارانەی دوور خراونەتەوە دەتوانن جارێکی دیکە خۆیان بەربژێر بکەنەوە و لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگیان لەسەر بدرێتەوە، ئەگەرنا کەسانی دیکە دەخرێتە جێگەیان.
بەگوێرەی یاسای موختارەکان، ئەو کەسەی دەبێتە موختار لە عێراق پێویستە تەمەنی لەنێوان 30 بۆ 65 ساڵ بێت و لانیکەم 10 ساڵ بێت نیشتەجێی ئەو گوندە بێت کە دەبێتە موختاری و ناشبێت سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی بێت.
.jpg&w=3840&q=75)



