رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، لە بازگەی چیمەن دەست بەسەر بڕی 10 ملیار دیناردا گیراوە کە بڕیاربووە ببرێتە کەرکووک، بەڵام بەهۆی گۆڕینی ئاراستەکەی بەرەو سلێمانی، پارەکە و ئەو کەسانەی گواستوویانەتەوە دەستگیرکراون.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بازگەی چیمەنی سەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی، لە لایەن تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەوە دەست بەسەر 10 ملیار دیناردا گیرا، چونکە ئەو کۆمپانیا ئەمنییەی پارەکەی گواستووەتەوە، ئاراستەی خۆی گۆڕیوە.
بە گوتەی عامر شوانی، ئەو پارەیە لە بەغداوە بەرەو کەرکووک بەڕێکەوتووە و نووسراوی فەرمی بۆ ئەوە بووە ببرێتە کەرکووک، بەڵام دوای وردبینیکردن لە بەڵگەنامەکانی گواستنەوە، بۆ پۆلیس دەرکەوتووە کە رێڕەوی گواستنەوەی ئەو بڕە پارە گۆڕدراوە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێ: "چوار کەس کە فەرمانبەری کۆمپانیای گواستنەوەکە بوون، بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون و پارەکەش دەستی بەسەردا گیراوە. هەرچەندە ئەوان دەڵێن هەڵەتێگەیشتن هەبووە، بەڵام لێکۆڵینەوە بۆ روونکردنەوەی راستیی بابەتەکە دەستیپێکردووە".
ئەم کۆمپانیا ئەمنییانە بە شێوەیەکی گشتی پارەی بانکەکان لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ لقی بانکەکان لە کەرکووک و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە.

