رووداو دیجیتاڵ لە چلەی ماتەمینی رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، جێگری پارێزگاری کەرکووک لە گوتارێکدا راگەیاند، وەک رێزێک بۆ کار و خزمەتەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، قوتابخانەیەک لە شاری کەرکووک بە ناوی (هەڵکەوت عەزیز) دەکرێت. رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە چلەی ماتەمینی هەڵکەوت عەزیز لە شاری کەرکووک، رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند: "لەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز شۆکێکی بەئازار بوو؛ هەڵکەوت تەنیا کاری راگەیاندنی نەدەکرد، بەڵکو لای ئەو کارەکەی بەرپرسیارێتی بوو بەرامبەر بە شارەکەی، هەرێمی کوردستان و عێراقیش." جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "دوو سیفەتی جوان لە هەڵکەوتدا هەبوون؛ هەستی بە بەرپرسیارێتی دەکرد و لە گواستنەوەی هەواڵەکانیشدا راستگۆ بوو، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق خۆشەویست بێت، تەنانەت ئەوانەشی کە لە نزیکەوە نەیانناسیبوو، بۆ کۆچی دوایی ئەو خەمبار بوون." رێبوار تەها ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر لە کەرکووک قوتابخانەیەکیان بە ناوی شەهید (سۆران مامە حەمە) کردووە، ئێستاش بڕیاریان داوە هەمان هەنگاو بۆ هەڵکەوت عەزیز بنێن و گوتی: "پێمان باش بوو یەکێک لە قوتابخانەکانی کەرکووک بە ناوی کاک هەڵکەوت بکەین. لە رۆژانی داهاتوو دەست بە رێکارەکان دەکەین و لە وەرزی نوێی خوێندندا، قوتابییان لەو قوتابخانەیە دەخوێنن کە ناوی هەڵکەوت عەزیزی لەسەرە." هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، دوای ئەوەی 8-6-2026 لە رێگەی بەغدا - بەسرە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. هەڵکەوت عەزیز، لە 20ـی کانوونی یەکەمی 2015ـەوە دەستی بە کارکردن لە تۆڕی میدیایی رووداو کردبوو، بەهۆی چالاکی و راستگۆیی لە کارەکەیدا، جێگەی متمانەی بینەران بوو. هەڵکەوت عەزیز لە ساڵی 1989 لە ئاوارەییدا لە شاری هەولێر لەدایک بووە و خەڵکی رەسەنی شاری کەرکووکە. بڕوانامەی دیپلۆمی لە بواری دەرهێنان لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کەرکووک وەرگرتووە و ماوەی 16 ساڵ بوو لە بواری میدیادا کاری دەکرد.