رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، پڕۆژەیەکی زانستیی نوێ دەستیپێکردووە کە تێیدا لە رێگەی تەکنەلۆژیای جی پی ئێس، مانگی دەستکرد و ژیریی دەستکردەوە، چاودێریی رەفتاری مەڕی "نۆردز" دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن لەگەڵ وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا دەگونجێن.
پڕۆژەکە لەلایەن زانکۆی "یوزونجویڵ"ی وان وەک تێزێکی دکتۆرا لە کوێستانەکانی نۆردز لە قەزای گورپنار بەڕێوەدەچێت. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە بزانرێت کام جۆرە مەڕ بەپێی تایبەتمەندییە رەفتارییەکانی، دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر سوود لەو لەوەڕگایانە وەربگرێت کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە گیا و ئاویان کەمبووەتەوە.
لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکەدا کە لە مانگی ئاداری 2026ـەوە دەستیپێکردووە، 50 مەڕ لەناو مێگەلەکەدا ئامێری جی پی ئێس و هەستەوەری جووڵەیان پێوەکراوە بۆ تۆمارکردنی هاتووچۆی رۆژانەیان.
تەنانەت شوانەکان و سەگی مێگەلەکانیش ئامێری چاودێرییان پێوەکراوە بۆ ئەوەی بزانرێت کاریگەریی ئەوان و لێژیی زەوییەکە چۆنە لەسەر جووڵەی مەڕەکان. لە کۆتایی پڕۆژەکەدا، سەرجەم زانیارییەکان لەبارەی بەرهەمی شیر و تەندروستیی مەڕەکان بە یارمەتیی ژیریی دەستکرد (AI) شیدەکرێنەوە.
مەڕی نۆردز یەکێکە لە نەژادە دەگمەن و دەوڵەمەندەکانی پارێزگای وان. سەرنجڕاکێشترین تایبەتمەندیی ئەم مەڕە ئەوەیە کە لە جیاتی 12 پەراسوو، خاوەنی 13 پەراسووە. ئەم جۆرە مەڕە بەوە دەناسرێت کە بەرگرییەکی زۆری لە بەرامبەر سەرما و نەخۆشی هەیە، کوالێتیی گۆشت و شیرەکەشی زۆر بەرزە.
لە ساڵانی دواییدا بەهۆی کەمبوونەوەی بارانبارین، لەوەڕگاکانی وان رووبەڕووی وشکبوون بوونەتەوە. چاودێرانی کشتوکاڵی پێیانوایە ئەم پڕۆژەیە یارمەتیی ئاژەڵداران دەدات لە داهاتوودا ئەو مەڕانە بۆ وەچەخستنەوە هەڵبژێرن کە بە کەمترین رۆیشتن و وزە، زۆرترین سوود لە لەوەڕگا کەمبەرهەمەکان وەردەگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی ئەم نەژادە دەگمەنە و گونجاندنی ئابووریی ناوچەکە لەگەڵ گۆڕانکارییە ژینگەییەکاندا.


