رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان و فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق رێککەوتوون دیاریکردنی رێژەی پشکی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەکلابێتەوە. ئەمڕۆ جارێکی دیکە شاندەکە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.
سروە محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان و فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی رێژەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027 لەسەر ئەو رێککەوتن کە رێژەی 12.67٪ و 14.14٪، بە کۆنووسێک بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەوێ یەکلابکرێتەوە.
بەگوتەی سروە محەممەد، کە بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان و فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە کۆدەبنەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانیان.
شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% تەرخانکراوە، کە ئەوە پێچەوانەی سەرژمێرییە، چونکە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14%ی عێراق."
دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکی لە بودجەدا بە رێژەی 14.14% بێت لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێریی گشتی، بەڵام حکومەتی بەغدا پشکی هەرێمی بە 12.7% دیاری کردووە و رایگەیاندووە، ئەو رێژەیە دوای دەرکردنی ئاوارەکان، ئەو کەسانەی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان نین و ئەوانەی رەگەزنامەی عێراقییان نییە، دەمێنێتەوە.
قەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عێراق 217.2 تریلیۆن دینار دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان بە 13.3 تریلیۆن دینار دیاری کراوە.



