رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026، کاژێر 06:20 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلە بە پێوەری رێختەر، لە قەزای بەتاڵگازیی سەر بە پارێزگای مەلەتی لە باکووری کوردستان روویدا، کە لە پارێزگاکانی خارپێت، سەمسوور، دێرسم و رووهاش هەستی پێکراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاریی تورکیا (AFAD)، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 15.59 کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا تۆمار کراوە.
سەدار یاڤوز، پارێزگاری مەلەتی و مورات کوروم، وەزیری ژینگە و شارسازی رایانگەیاند، تیمەکانیان دەستیان بە پشکنینی مەیدانی کردووە و تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی تۆمار نەکراوە.
پارێزگای مەلەتی و ناوچەکانی دەوروبەری کە دەکەونە سەر هێڵی بوومەلەرزەی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، پێشتریش لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی شوباتی 2023دا زیانی زۆریان بەرکەوتبوو.
بوومەلەرزەکانی 6 شوباتی 2023 بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلە بەپێی پێوەری رێختەر بوو، لە مەرەشی باکووری کوردستان روویدا. لەئەنجامدا لە مەڵەتی 1237 کەس گیانیان لەدەستدا و 6444 کەسیش بریندار بوون.


