رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 17 رۆژی ئەم مانگەدا هەرێمی کوردستان بە 30 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، بۆردوومانەکان شەهید و برینداریان لێکەوتووەتەوە.
لە شەوی چوارشەممەوە هێرشە درۆن و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووەتەوە، تەنیا لە 48 کاژێری رابردوو هەولێر بە 16 درۆن و سلێمانی بە هەشت مووشەک بۆردوومان کراون. دەنگۆی بۆردوومانکردن لە سنووری هەڵەبجە بڵاوبووەوە، بەڵام قایمقامی قەزاکە رەتیدەکاتەوە.
عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی رێکخستنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بارەگاکانیان لە ناوچەی زرگوێزەڵەی سلێمانی بۆردوومان کراوە و شەهید و برینداریان هەیە.
ئازەربار گوتی: "نۆ شەهید و سێ بریندار هەن کە برینیان سەختە".
لەبارەی هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، هەولێر بە هەشت درۆن بۆردوومان کراوە و درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون و هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە.
دەنگۆی بۆردوومانکردنی سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەبوو، بەڵام سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت، سنوورەکەیان بۆردوومان نەکراوە و دۆخی ناوچەکەیان ئارامە.
هێرشەکانی ئەم مانگەی سەر هەرێمی کوردستان:
- بەرەبەیانی 17ـی تەمموز، بە هەشت مووشەک بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سنووری سلێمانی بۆردوومان کرا. بەگوێرەی زانیاری نۆ پێشمەرگەیان شەهید بوون.
- بەرەبەیانی 17ـی تەمموز، بە هەشت درۆن هەولێر بۆردوومان کرا، دژە تیرۆر رایگەیاند، درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون و زیانیان نەبووە.
- شەوی 15ـی تەمموز، بە هەشت درۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر و درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە تێکشکێندران. دژە تیرۆر رایگەیاند، زیانی گیانییان نەبووە.
- نزیک کاژێر 05:00 بەیانی 13ـی تەمموز، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری هەولێر.
- کاژێر 11:30ـی شەوی 01ـی تەمموز، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دێگەڵە، لە سنووری پارێزگای هەولێر.
- کاژێر 11:00ـی شەوی 01ـی تەمموز، بە درۆنێک ناوچەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا. سەرپەرشتیاری ئیدارەکە بە رووداوی گوت، ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێکەوتووە ئاگر لە پوش و پاوانی کەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
وێڕای ئاگربەست، لە مانگەکانی رابردوو هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون و لە مانگی شەشدا ئەم هێرشانە دژی هەرێمی کوردستان کران:
هێرشەکانی مانگی حوزەیران
لە مانگی حوزەیراندا 15 درۆن ئاراستەی سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی کراون، کە بەم شێوەیە بوون:
- 2ـی حوزەیران، بە دوو مووشەک هێرش کرایەسەر بارەگای حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە پارێزگای هەولێر.
- 16ـی حوزەیرانی بە درۆنێک هێرش کرایە سەر یەکێک لە کەمپەکانی کەسوکاری حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
- 11ـی حوزەیران بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر کۆگەیەکی دانەوێڵە لە قەزای قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر.
- 11ـی حوزەیران لەگوندی داروسەلام لە سنووری ناحیەی گەڵاڵە لە پارێزگای هەولێر درۆنێک کەوتە خوارەوە.
-10ـی حوزەیران لە سنووری هەولێر، درۆنێک پێش ئامانجەکەی تەقێندرایەوە.
9ـی حوزەیران، دوو درۆن نزیک فەرماندەیی هێزەکانی 70 لە سلێمانی کەوتەوە خوارەوە.
8ـی حوزەیران، بە دوو درۆن هێرش کرایەسەر کەمپێکی پەنابەران لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
- 7ـی حوزەیران، دوو درۆن لە سنووری ناحیەی بجیل لە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کەوتنە خوارەوە.
- 7ـی حوزەیران، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە سنووری هەولێر.
- 7ـی حوزەیران، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سنووری قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر.


