رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە زیاتر لە 5 درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر هەولێر و لە ئاسمان بەپەرچدرانەوە و تێکشکێندران. دواتر هاونیشتمانییان لە سلێمانی و هەڵەبجەوە بە رووداویان گوت، گوێیان لە دەنگی تەقینەوەی "بەهێز" بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 17ـی تەممووزی 2026، بە زیاتر لە 5 درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر هەولێر بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی هاونیشتمانییان بۆ رووداویان ناردووە، هێرشەکە بەرپەرچ دراوەتەوە، تائێستا بە فەرمی هیچ زیانێک دیاری نەکراوە.
سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە گوتی: دەنگی پێنج تەقینەوە لە دەوروبەری هەڵەبجە بیستراون، هۆکارەکەی بە فەرمی ئاشکرا نەبووە. بەڵام باس لەوە دەکرێت کە هێرشی درۆنی بووبێت.
فازڵ هەورامی، بەرپرسی دێسکی ئینگلیزیی تۆڕی میدیایی رووداو لە ناوچەی هەورامان، لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە لەبارەی هێرشەکان رایگەیاند: "لە زڕگوێز لە نزیک کامپی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگر کەوتووەتەوە و پێدەچێت بۆردوومان کرابن."
هەروەها فازڵ هەورامی باسی لەوەکرد کە "دەنگی تەقینەوە لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی بیستراون، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان ئامانجی هێرشە درۆنییەکە سلێمانی نەبووە، بەڵکو کامپ و بارەگای حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون."
لە سلێمانی، هەڵەبجە و دەڤەری شارەزوورەوە هاونیشتمانییان ڤیدیۆ و زانیارییان بۆ رووداو نارد و باسیان لەوە کرد کە گوێیان لە دەنگی زیاتر لە 5 تەقینەوە بووە لە کاتی جیاوازدا.
نوێدەکرێتەوە...