رووداو دیجیتاڵ
16ـی تەممووزی 2026، دەزگای روانگە دوو پڕۆژەی ئاوی لە قەزای خانەقین جێبەجێ کرد و کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی لە دوو گەڕەکی ئەو قەزایە هێنا کە ماوەیەکی زۆر بوو دانیشتووانەکەی بەدەستییەوە دەیانناڵاند.
پڕۆژەکان بریتی بوون لە نۆژەنکردنەوەی بیری ئاوی گەڕەکی ئیمام عەباس و دابینکردنی ماتۆڕێکی پاڵنەری گەورە بۆ بیری گەڕەکی بەختیاری.
حەسەن شێخ عەلایەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەکو روانگە هیچ شوێنێک بە پایتەختی چالاکیی خۆمان نازانین، لە هەر شوێنێک خزمەت پێویست بێت [کاری تێدا دەکەین]، نیشتمانمان هەمووی یەک جەستەیە، هەر ئەندامێکی ئەو جەستەیە ئازاری هەبێت، ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین و بەپێی توانای رێکخراوەکەمان و لە روانینی بەڕێز ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی دەستگاکەمانەوە، دەستبەجێ هاوکار دەبین."
دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە باس لەوە دەکەن کە بەهۆی گەرمای خانەقین و نەبوونی ئاوەوە لە دۆخێکی خراپدا بوون.
چیمەن حوسێن، فەرمانبەرێکی دانیشتووی گەڕەکی بەختیارییە و دەڵێت: "جار هەبوو 10 رۆژ ئاو نەبوو، خەڵک ناچار بوو بە تانکەر ئاو بکڕێت. خەڵکی ئەم ناوچەیەش هەژارن و توانایان نییە لە هەفتەیەکدا سێ جار ئاو بکڕن."
ئایە هاشم، مامۆستایەکی دانیشتووی گەڕەکێکی دیکەی خانەقینە و دەڵێت: "بەهۆی کێشەی ئاوەوە خەڵک بەردەوام لە دڵەڕاوکێدا بوون و بیریان لای ئەوە بوو ئایا ئاو دێت یان نا.
تەیموور عەبدوڵڵا، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی ناوچەکە سوپاسی دەزگای روانگە دەکات و دەڵێت: "مەمنونین لە دەزگای روانگە کە زەحمەتیان کێشا و هاتن ئەم کێشە گەورەیەی ئاویان بۆ چارەسەرکردین."
دەزگای روانگە رایگەیاندووە، پەیامیان لە رێگەی ئەم جۆرە پڕۆژانەوە، خزمەتکردنی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشەپێدەرە لە سەرانسەری کوردستان.
