رووداو دیجیتاڵ
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێ، هێشتا پشکنینی دی ئێن ئەیان لە هەرێمی کوردستان بەدەست نەگەیشتووە بۆ یەکلاییکردنەوەی ناسنامەی ئەو 18 کۆچبەرەی خنکاون و گومان دەکرێ خەڵكی هەرێمی کوردستان بن.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، رۆژی دووشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا داوای لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە، پشکنینی کەسوکاری ئەو 18 کۆچبەرەی بۆ رەوانە بکات کە خنکاون و گومان دەکرێ خەڵکی هەرێمی کوردستان بن.
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا گوتی: "هەوڵەکانمان بۆ هاوئاهەنگی لەنێوان مانگی سووری لیبی و عێراقی بۆ بەراوردکردنی پشکنینی دی ئێن ئەی و زانینی چارەنووسی ئەو 18 کۆچبەرە بەردەوامە. تاوەکو ئێستا پێشنیکەکان نەگەیشتوون".
22 ئەیلوولی 2026 رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا بە رووداوی راگەیاند: "بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست پێش زیاتر لە مانگێک ژێرئاو کەوتووە و دەرکەوتووە 18 کۆچبەری کورد تێیدا خنکاون". بەڵام هەر زوو کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا گوتی: "هیچ کۆچبەرێکی کورد لە نێو ئەو 18 کەسەدا نییە".
دوێنێ یەکشەممە 04ـی تشرینی یەکەمی 2026 عوسمان مستەفا، بەرپرسی کۆچ و کۆچبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە بارەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە بە رووداوی گوت: "لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری ئەو کۆچبەرانەی بێسەروشوێنن، پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ 16 کەس لە ئیدارەی راپەڕین کرا".
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی راپەرین روونیکردەوە: "دەمانەوێ چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە یەکلا بێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی رابردوو پشکنینەکانمان تەواوکردن و لە رێگەی لیژنەیەکی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگە و تاوان رەوانەی سەنتەری گشتیی دی ئێن ئەی پارێزگای هەولێر کرا".
دوای دەرچوونی پشکنینەکان، سەنتەری دی ئێن ئەی لە هەولێر ئەنجامەکان رادەستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوانیش لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەیدەنە باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لەگەڵ دی ئێن ئەی کۆچبەرە خنکاوەکان بەراورد دەکرێ.
بەگوێرەی داتاکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین، ئەو کەسانەی پشکنینی (دی ئێن ئەی)یان بۆ کراوە 16 هاونیشتمانین؛ 12 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕینن و سێ کەسی دیکەش دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ و یەک کەسیش دانیشتووی دووکانە.



