رووداو دیجیتاڵ
ئۆفەرێکی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، وایکردووە سەدان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە بۆ گەشتی عومرە رووی تێبکەن، بەجۆرێک لە یەک رۆژدا پێنج گەشتی عومرە لەو فڕۆکەخانەیەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەو گەشتیارانەی لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە گەشت دەکەن، دەتوانن تاوەکو 2000 دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بکڕن کە 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک. ئەم ئۆفەرە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بەردەست نییە.
سەبیحە عەلی، کە لە سلێمانییەوە بۆ گەشتی عومرە هاتبووە فڕۆکەخانەی کەرکووک، بە رووداوی گوت: "هەر 100 دۆلارێک 20 هەزارم بۆ دەگەڕێتەوە، کۆی گشتی 400 هەزارم بۆ دەگەڕێتەوە کە زۆر باشە." ئەمە شەشەمین جاری سەبیحەیە گەشتی عومرە دەکات، بەڵام یەکەمجارە لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە گەشت دەکات.
رەسوڵ قادر، عومرەکارێکی دیکەیە و دەڵێت: "نرخەکەی ئێرە باشە، داواکارین ئەو ئاسانکارییە بۆ خەڵکی هەژار لە کوردستان بکرێتەوە."
بەشێک لە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە خۆیان 2000 دۆلارەکە بۆ گەشتیاران دەگۆڕنەوە و لە بەرامبەردا داشکاندنیان بۆ دەکەن لە نرخی گەشتەکە. حاجی نەزیز مەلا خدر، نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیاکان گوتی: "عومرەکار هەیە توانای گۆڕینەوەی 20 وەرەقەی نییە، کۆمپانیا بۆی دەگۆڕێتەوە و داشکاندنی بۆ دەکات."
بەرپرسانی فڕۆکەخانەی کەرکووک دەڵێن، جگە لە ئۆفەری دۆلار، ئاسانکاریی دیکەش بۆ گەشتیاران دەکەن. هەردی سەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک بە رووداوی رایگەیاند: "ئاسانکاری بۆ عومرەکار و گەشتیاران دەکرێت کە زۆربەیان بەتەمەنن، بەڵام هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی گەشتیاران پێدانی دۆلارە بەرامبەر دینار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق."
ئۆفەری گۆڕینەوەی دراو تەنیا بۆ عومرەکاران نییە و گەشتیارانی ئاساییش دەتوانن سوودی لێ وەربگرن، ئەمەش وایکردووە گەشتەکان لەو فڕۆکەخانەیەوە روو لە زیادبوون بکەن.
