رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، کە لە ساڵی 2004ـەوە دامەزراوە، بووەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەم نەخۆشخانەیە بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو و بەشە جیاوازەکانییەوە، رۆژانە پێشوازی لە سەدان نەخۆش دەکات و خزمەتگوزاریی تایبەتیان پێشکێش دەکات.
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکە، تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، 8,571 نەخۆش سەردانیان کردووە و 4,666 نەخۆش چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە. هەروەها، 64,552 پشکنینی تاقیگەیی ئەنجامدراون و 214 فایل بۆ نەخۆشی نوێ کراونەتەوە.
نەخۆشخانەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت: بەشی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجەی خوێن، لەگەڵ بەشی شێرپەنجەی گرێیەکان. یەکێک لە خاڵە جێگەی دڵخۆشییەکان، سیستەمی ئەلیکترۆنیی نەخۆشخانەکەیە، کە هەر نەخۆشێک بارکۆدێکی تایبەت بە خۆی هەیە و تەواوی زانیاری و چارەسەرەکانی تێدا تۆمارکراوە.
**قسەی دڵی نەخۆش و کەسوکاریان**
گەلاوێژ مستەفا، یەکێک لەو نەخۆشانەی لە ساڵی 2010ـەوە سەردانی نانەکەلی دەکات، دەڵێت: "شێرپەنجەی خوێنم هەیە و زۆر لەم نەخۆشخانەیە رازیم. خودا خێریان بنووسێت بۆ ئەو خزمەتەی پێشکێشمان دەکەن."
هاوکات، کەسوکاری نەخۆشەکان باس لەوە دەکەن کە لە رابردوودا بەشێک لە دەرمانەکان دەست نەدەکەوتن و ناچاربوون بە نرخێکی گران لە دەرەوە بیانکڕن، بەڵام ئێستا دۆخەکە باشتر بووە. نیهاد سەعید، کوڕی گەلاوێژ، دەڵێت، "پێشتر دەرمانەکانمان لە ئێران دەمانکڕی و ملیۆنێک بۆ ملیۆن و نیوێکمان خەرج دەکرد، بەڵام ئێستا زۆربەیان لێرە هەن."
نەخۆش و کەسوکارەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیشەوە روو لەم نەخۆشخانەیە دەکەن. سەیف عەزیز، کە خەڵکی رومادییە، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ستافی نەخۆشخانەکە دەکات و دەڵێت: "لێرە بەبێ بەرامبەر هەموو چارەسەرەکانمان بۆ دەکرێت و هیچ جیاوازییەک لەنێوان کورد و عەرەب، موسڵمان و کریستیان ناکرێت."
بەڵام هێشتا هەندێک ئاستەنگ ماون. نەشوان خورشید، باوکی ئامینەی تەمەن چوار ساڵان، باس لەوە دەکات هەندێک جار ناچارن دەرمانی گرانبەها لە دەرەوە بکڕن. ئەو دەڵێت: "کچەکەم نەخۆشیی داون و دڵیشی کێشەی هەیە. ئەگەر دەرمان لە نەخۆشخانە نەبێت، ناچارین بە 600 یان 700 هەزار دینار لە دەرەوە بیکڕین."
**تاقیگەیەکی هەستیار و خزمەتگوزاریی بێبەرامبەر**
تاقیگەی دەستنیشانکردنی خانەی شێرپەنجەیی یەکێکە لە هەستیارترین بەشەکانی نەخۆشخانەی نانەکەلی. لەوێ جۆری شێرپەنجەکە و پلانی چارەسەری کیمیایی دیاری دەکرێت. دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم بەشە مانگانە نزیکەی 100 ملیۆن دیناری پێویستە، کە لەلایەن حکومەت، سندووقی شێرپەنجە و خێرخوازانەوە دابین دەکرێت.
بە گوتەی پسپۆڕان، ئەو پشکنینانەی ئێستا لە نانەکەلی بەخۆڕایی بۆ نەخۆشەکان دەکرێن، پێشتر لە دەرەوەی وڵات نزیکەی 3,000 دۆلاری تێچووی بووە و ئێستاش لە کەرتی تایبەتدا بە نزیکەی 1,000 دۆلار دەکرێت.
سەمیرە ساڵح، پسپۆڕێکی بایۆلۆجی لە نەخۆشخانەکە، روونیکردەوە کە رۆژانە نزیکەی 300 بۆ 400 نموونەی پشکنین وەردەگرن و هەندێک رۆژ ژمارەکە بۆ 600 نموونەش بەرز دەبێتەوە. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە "مەرج نییە هەموو ئەو کەسانەی رەوانەی ئێرە دەکرێن تووشبووی شێرپەنجە بن، بەڵکو هەندێکیان تەنیا بۆ پشکنینی گشتی دێن."


