رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ رایگەیاند، گەنجێک کە بە مەبەستی سەیران لە نزیک دەریاچەی ورمێ بوو، کەوتە نێو ئاوەوە و خنکا.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 15-07-2026، لە جادەی کەلانتەری، لە نزیک بازگەی ژێر پردی دەریاچەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە.
فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانراوە تەرمی ئەو گەنجە لە ئاو بهێنرێتە دەرەوە.
بەگوتەی فەرزین رەزازادە تەرمی گەنجەکە گواستراوەتەوە دادپزیشکیی ناوەندی ورمێ و دوای توێکاریی پێویست، رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.
بەگوێرەی میدیا خۆجێیەکان گەنجەکە خەڵکی یەکێک لە گوندە کوردنشینەکانی سەر بە ناوەندی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای ورمێ داواش لە گەشتیاران دەکات، خۆیان لە مەلەکردن لەو شوێنانەدا ببوێرن کە هێمای قەدەخەی مەلەکردنیان لێ هەڵواسراوە.
بەگوێرەی ئاماری فریاکەوتنی خێرای ورمێ، لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوییەوە (لە 21-03-2026ـوە)، لانیکەم 11 کەس لە سنووری پارێزگاکە لە ئاودا خنکاون.


