رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانەی کرد کە ئاسمانی شاری هەولێریان بەزاند و فەرمانی بە دەزگە ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵی کرد، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان. ئەمەش دوای ئەوە دێت، شەوی چوارشەممە هێزەکانی هاوپەیمانان 8 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند.
رۆژی پێنجشەممە 16-07-2026 سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، کە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بڵاوکرانەوە، ئەم هێرشانەی بە "هەوڵی تاوانکاری" وەسفکرد کە بە شکستەوە دەیانەوێت سەقامگیریی گەل و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکبدەن. عەلی زەیدی گوتی: "لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی دەستووریمان، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەین و جەخت لەوە دەکەینەوە، چاوپۆشی لەم جۆرە هەوڵانە ناکەین."
زەیدی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دەزگە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە تاوەکو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ "رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی زیان بە ئاسایشی عێراق دەگەیێنن."
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، شەوی (چوارشەممە، 15-07-2026) لە نێوان کاژێر 20:53 بۆ 21:20، هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستەخوارەوە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکەم هێرش لە کاژێر 20:55 کرا و تێکشکێندرا، دواتریش لە کاژێر 21:20 درۆنی دیکە ئاراستەی هەولێر کران. بەهۆی ئەمەوە، پاشماوەی درۆنە تێکشکێندراوەکان لە شەقامی 150 مەتری و چەند گەڕەکێکی دیکەی شاری هەولێر کەوتنە خوارەوە.
بەگوێرەی ڤیدیۆی هاونیشتمانییان و شایەتحاڵان لە شوێنی رووداوەکە، لە یەکێک لە شەقامەکاندا پارچەی درۆنێک بەر ئۆتۆمبێلێک کەوتووە، بەڵام تەنیا زیانی مادی هەبووە. هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکان و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و هەڵگرتنەوەی پارچەی درۆنەکان کردووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی رانەگەیێندراوە.
بەهۆی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر، بەشێک لە گەشتیاران و هاووڵاتییان دوودڵ بوون لەوەی گەشتە ئاسمانییەکان رابگیرێن.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فڕۆکەخانەی هەولێر کراوەیە و گەشتەکان بەردەوامن و هیچ کێشەیەکیان نییە."
هاوکات، موهەنەد ئەحمەد میر، پسپۆڕی کەرتی فڕۆکەوانی و ئابووریی گەشتیاری لە هێڵی ئاسمانیی (فلای ئەربیل) بە رووداوی گوت: "گەشتەکانمان ئاسایین و بەپێی ئەو خشتەیەی پێشتر دیاریکراوە بەڕێوەدەچن."
لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئێران، ئەمە یەکەمجارە هێرش بکرێتە سەر سەنتەری شاری هەولێر.
دەقی راگەیێندراوەکە
"لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی دەستووریمان، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەین کە لە ڕێگەی درۆنەوە ئاسمانی شاری هەولێری لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەزاند، جەخت لەوە دەکەینەوە، چاوپۆشی لە ئەم هەوڵە تاوانکارییانە ناکەین، کە بە شکستەوە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری گەلەکەمان و رێڕۆی متمانەپێکراویان لە بنیاتنانی دەوڵەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەدات. دەزگە و پێکهاتە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانمان راسپارد لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێم هەموو هەوڵەکان بخەنەگەڕ، بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە و رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەوانەی کە هەوڵی زیان گەیاندن بە ئاسایشی گەلی عێراقی بەرێزمان لە هەموو شوێنێک دەدەن."


