رووداو دیجیتاڵ
ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە رێوڕەسمی (رۆژی دیموکراسی و یەکێتیی نیشتمانیی 15ـی تەممووز)ی تورکیا کرد، کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە ئەمڕۆ لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانی مەعاریف لە هەولێر سازکرا، تێیدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئامادەبوون. کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، دڵخۆشیی خۆی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران نیشاندا.
کۆنسووڵی تورکیا بە رووداوی راگەیاند: "کاک هۆشیار زێباری بە نوێنەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، کاک ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و کاک سەفین دزەیی بە نوێنەرایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئامادەبوون؛ ئەمە نیشاندەری هەستی یەکگرتوویی و هێزە لەدژی هەموو جۆرە تیرۆرێک."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا تیشکی خستە سەر رۆڵی ئابووریی وڵاتەکەی لە ناوچەکە و گوتی: "بە شانازییەوە دەیڵێم، بڕبڕەی پشتی سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆمپانیا تورکییەکانن. ئێمە وەبەرهێنی بیانیی ژمارە یەکین لە هەرێم و ژمارەی کۆمپانیاکانمان بەردەوام لە زیادبووندان."
شەوی 15ی تەممووزی 2016 کاتێک هەوڵدرا کودەتا بەسەر حکومەتی ئاکپارتیدا بکرێت، بەتایبەتی لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ، بەشێک لە سوپا جووڵەی پێ کرا. بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کۆماری تورکیا فڕۆکەی جەنگی تەلاری پەرلەمانیان بۆردوومانکرد.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان 251 سڤیل کوژران و نزیکەی 1500 کەسی دیکەش برینداربوون. هەوڵەکە لە ماوەی کەمتر لە 10 کاژێردا پووچەڵکرایەوە و حکومەت کۆنترۆڵی دۆخەکەی کرد.
ساڵانە حکومەتی تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوە یادی ئەو رۆژە دەکاتەوە، یەکێک لەو شوێنانەی ئەو یادەی تێدا دەکاتەوە هەرێمی کوردستانە.
حکومەتی تورکیا، بزووتنەوەی گولەن، کە لەلایەن فەتحوڵڵا گولەن، رابەری پێشووی بزووتنەوەکە سەرۆکایەتی دەکرا، بە کودەتاکە تۆمەتبار دەکات و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی گرووپەکەی دەستگیرکردووە، هەروەها زۆربەیانی لە پۆستەکان و کار دوورخستووەتەوە.



