رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی وەرگەڕانی تراکتۆرەکەی لە ناوچەی 'هەوار خاتوون'ـی سەر بە شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-07-2026، هاونیشتمانییەک لە شاری شنۆ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند: "لە ناوچەی هەوار خاتوون بەهۆی وەرگەڕانی تراکتۆرێک، شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا."
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو کەسەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە ناوی (سەعید ساڵحیان)ـە، تەمەنی 45 ساڵە و دانیشتووی گوندی 'گەڵاز'ـی سەر بە شاری شنۆیە.
سەعید ساڵحیان لەکاتی چوون بۆ سەر کار لە رێگەی هەوار خاتوون، تراکتۆرەکەی وەرگەڕاوە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دادپزیشکیی ئێران، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە دەبنە قوربانی؛ بەجۆرێک لە ماوەی ساڵێکدا 19 هەزار و 540 کەس لەو وڵاتە بە رووداوی جۆراوجۆری هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.

