ئەندامانی جەستەی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵی دانیشتووی بۆکان، بەخشرانە سێ نەخۆش، کە پێویستیان بە چاندنی جگەر و گورچیلە بووە. ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی تەممووزی 2026، هاونیشتمانیەک لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی گوت: " سمکۆ گوڵچینی، تەمەن 22 ساڵ، دوای ئەوەی بە رووداوی هاتووچۆ لە رێگەی سەقز - بۆکان مێشکی لەکارکەوت، بە رەزامەندیی پێشوەختە و بڕیاری خێزانەکەی، ئەندامانی جەستەی بەخشرانە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی." بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، هەردوو گورچیلە و جگەری سمکۆ گوڵچینی، دراوەتە سێ نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامدا بوون. لە نەورۆزی ئەم ساڵەوە، ئەوە نۆیەم کەسە لە پارێزگای ورمێ ئەندامانی جەستەی دەبەخشێت و تاوەکو ئێستا 18 کەس کە پێویستیان بە چاندنی ئەندامی جەستە بووە سوودیان لێ وەرگرتووە. پار، 19 کەس لە پارێزگای ورمێ دوای ئەوەی مێشکیان لەکارکەوتووە، ئەندامانی جەستەیان بەخشراوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن. ئەو کەسانەی مێشکیان لەکار دەکەوێت، دەکرێ بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی بەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکانیانەوە لە لێواری مردندان.