رووداو دیجیتاڵ
لە سایلۆکانی کەرکووک 450 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، کە 80 هەزاریان لە دەرەوەی پلانە، بڕیارە وەرگرتنەکە تاوەکو سبەی بەردەوام بێت.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند، تاوەکو 13ی تەممووز 450 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکانی کەرکووک وەرگیراوە و ئێستا گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی وەردەگیرێت، کە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 80 هەزار تۆن.
چوار سایلۆ گەنمی جووتیارانی کەرکووک وەردەگرن؛ تۆنێک گەنمی ناو پلان بە 700 هەزار و دەرەوەی پلان بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێت.
عەبدوڵڵا میروەیس رایگەیاند، بڕیارە داواکاری وەرگرتنی گەنم لە ڕێگەی بەستەری ئەلیکترۆنییەوە تاوەکو 15ی تەمووز بەردەوام بێت و ئەگەر هەیە سێ رۆژ کاتی پێشکێشکردنی داواکاری درێژ بکرێتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار بارهەڵگر ناویان تۆمار کراوە، کە رۆژانە دەتوانرێت گەنمی 400 بارهەڵگر وەربگیرێت.
بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، نزیکەی 410 هەزار دۆنم گەنمی کەرکووک لەنێو پلانی کشتوکاڵیدایە.




