رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای دژەتیرۆری عێراق، سەردانی کەسوکاری ئەو دوو گەنجە کوردەیان کرد کە رۆژی یەکشەممە، 28-09-2026، بە گولـلەی هێزەکانیان لە ناحیەی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکووک گیانیان لەدەستدا و رایانگەیاند، ئەوەی روویداوە "هەڵەی سەربازی بووە."
شاندەکە بە دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە گەیشتنە کەرکووک و چوونە ماڵی هەردوو گەنجەکە بۆ گەیاندنی پەیامی سەرەخۆشی و داوای لێبوردن.
لە کاتی سەردانەکەدا، دایکی یەکێک لە گەنجەکان بە ناوی محەممەد، رووبەڕووی شاندەکە بووەوە و داوای کرد خوێنی کوڕەکەی بەفیڕۆ نەچێت. ئینتیسام خورشید، دایکی محەممەد بە رووداوی گوت: "پێم گوتن با خوێنی نەفەوتێت، کوڕەکەم بێتاوان بوو، بۆچی خوێنی بەفیڕۆ بڕوات؟ داواکارم لە هەموو پەرلەمانتارانی عێراق بێنە سەر هێڵ، چونکە بێتاوان بوو. با مافمان وەربگرن، ئەی تاکەی؟"
هێمن رەحمان، باوکی محەممەدیش دەڵێت: "پەنا بە خودا مافمان بەفیڕۆ ناچێت. داوا لە پەرلەمانتاران دەکەم واز لەم کەیسە نەهێنن، چونکە ئەمڕۆ لە من بووە، سبەی لە یەکێکی دیکەیە."
لەگەڵ شاندەکەی دژەتیرۆردا، دوو پەرلەمانتاری کورد ئامادەبوون و دڵنیاییاندا کە دۆسییەکە لە ئەستۆ دەگرن و دەستی لێهەڵناگرن.
هەڵۆ جەباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی رایگەیاند: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی ئەم دۆسیەیە دەکەین. ئەگەر بەلاڕێدا ببرێت، ئێمە وەک پەرلەمانی عێراق لێیان قبووڵ ناکەین و داوای رێکاری دیکە دەکەین و دەیبەینە دادگەی فیدراڵی."
جگە لەم شاندە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە هێشتا لە کەرکووک سەرقاڵی کارەکانیانن. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە دەرئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەدا، ئەفسەرێک و پێنج سەرباز بە کەمتەرخەم تۆمەتبارکراون.

.jpg&w=3840&q=75)
