رووداو دیجیتاڵ
بەسەدان شۆفێری بارهەڵگر لە بازگەی چیمەنی کەرکووک، بەهۆی کارنەکردنی ئامێرەکانی پشکنینەوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەڵێن، رۆژانە چەندین کاژێر لە نۆرەدا دەمێننەوە.
لە بازگەی چیمەن لە رێگەی کەرکووک - سلێمانی، لە دوو ئامێری سۆنار تەنیا یەکێکیان کاردەکات و پشکنینی هەر بارهەڵگرێک پێنج بۆ حەوت خولەکی پێدەچێت، ئەمەش نۆرەیەکی دوور و درێژی دروستکردووە.
ئاودێر عەلی، یەکێک لە شوفێرەکانە و بە رووداوی گوت: "حەوت کاژێرە لێرە ماومەتەوە، ئامێری سۆنارەکە جار هەیە کارناکات. خۆی دوو ئامێرە و لە تەنیشت یەکەوەن، ماوەیەکی زۆرە دانەیەکیان کارناکات. کاتێک پرسیاریش لە پۆلیسەکان دەکەین، دەڵێن وەڵا نازانین یان جاری وا هەیە موەلیدەکە کارناکات."
لە بازگەکە تەنیا یەک موەلیدە هەیە و رۆژانە چەند کاژێرێکی دیاریکراو کاردەکات. دوای کوژاندنەوەی، نۆرەی وەستانی بارهەڵگرەکان تاوەکو نزیک ناحیەی قەرەهەنجیر درێژ دەبێتەوە.
ئەرکان یووسف، شوفێرێکی دیکەیە و دەڵێت: "وەڵا چوار کاژێر تاوەکو حەوت و 10 کاژێریش لێرە وەستاوم. هەموومان منداڵی هەژارین و خەریکی کاسبین و بەدەست ئامێری سۆنارەوە ماندوو بووین. ئەگەر ئەم رێکارە یاساییە، با بیکەنە دوو سۆنار و رزگارمان بێت."
کێشەی یەک ئامێری سۆنار و یەک موەلیدە، دەیان کێشەی بۆ شوفێران دروستکردووە و تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.
لەمبارەیەوە، نەشئەد شاهوێز، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "بڕیاردرا لەگەڵ پۆلیسی کەرکووک قسە بکرێت و سۆناری دووەم کە کارناکات، بە زووترین کات چاکبکرێتەوە. هەروەها لەگەڵ فەرمانگەی دابەشکردنی کارەباش قسە دەکەین کارەبای بازگەکە بکات بە 24 کاژێری."
بازگەی چیمەن، رێگەیەکی بازرگانیی ستراتیژیی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام بەردەوام کێشە و ئاستەنگی تێدا دروست دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)
