رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 7ـی بەیانی، 13ـی تەممووزی 2026، منداڵێکی تەمەن 14 ساڵ بە ناوی وەلید مەولوود، ، لەکاتی کارکردن لە کێڵگەیەکی پەتاتە لە گوندی جوجەری بچووک لە سنووری بەردەڕەش، گیانی لەدەستدا.
وەلید، خەڵکی گوندی زێلکا فاخرە بوو لە ئاکرێ، بەیانیی زوو لەگەڵ ئامۆزا و خەڵکی گوندەکەی بۆ کارکردن چووبووە ئەو کێڵگەیە.
تاهیر مەولوود، کە شایەتحاڵی رووداوەکە بووە، بە رووداوی گوت: "گوێمان لە قیژە و هاوار بوو، کە گەیشتینە شوێنی رووداوەکە، بەداخەوە گیانی لەدەستدابوو".
سەبارەت بە مافەکانی ئەو منداڵە کرێکارە، شێرزاد حەسۆ، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لقی دهۆک، بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەک سەندیکا ناتوانین مامەڵە لەگەڵ منداڵانی هەرزەکاردا بکەین، چونکە بەپێی یاسا، کاری ئێمە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە."
هەرچەندە خێزانی وەلید لە شۆفێری تراکتۆرەکە، خاوەنکار و بەڵێندەرەکە خۆشبوون و سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک تۆمار نەکردووە، بەڵام پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و شۆفێری تراکتۆرەکەی دەستگیرکردووە.



