رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا ئامارەکانی مانگی ئایاری 2026ی تایبەت بە رێژەی مانەوە لە هۆتێلەکانی شاری وان لە باکووری کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان رێژەی پڕبوونی هۆتیڵەکان لەو شارە گەیشتووەتە 34٪.
بەپێی راپۆرتی فەرمیی وەزارەتەکە، شوێنەکانی مانەوە کە هۆتێل، هۆتێلی گەرماوە سروشتییەکان، شوقەی گەشتیاری، مۆتێل و کەمپینگەکان دەگرێتەوە، لە مانگی ئایاری 2026دا پێشوازییان لە 42 هەزار و 462 گەشتیار کردووە. لەو ژمارەیەش 11 هەزار و 489 کەسیان گەشتیاری بیانی و 30 هەزار و 462 کەسیشیان گەشتیاری ناوخۆیی بوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لە کۆی 78 هەزار و 193 شەو مانەوەی تۆمارکراو، 23 هەزار و 560 شەویان لەلایەن گەشتیارانی بیانی و 54 هەزار و 633 شەویش لەلایەن گەشتیارانی ناوخۆییەوە بووە.
رێژەی گشتیی پڕبوونی هۆتێلە گەشتیارییەکان لەم مانگەدا 34.09٪ بووە، کە 10.27٪ی گەشتیارانی بیانی و 23.82٪ی گەشتیارانی ناوخۆیی بوون.
ئەو ئامارە تەنیا ئەو هۆتێلانە دەگرێتەوە کە بە فەرمی تۆمار کراون.
لە شاری وان جگە لە 100 هۆتێلی تۆمار کراو، زیاتر لە 200 هۆتێلی تۆمارنەکراو هەن، کە بەشێوەیەکی نایاسایی خزمەتگوزاری مانەوە بۆ گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی بە نرخی هەرزانتر دابین دەکەن.
شاری وان لە باکووری کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و بوونی دەریاچەی وان و شوێنەوارە مێژووییەکانی، ساڵانە بە تایبەت لە وەرزی بەهار و هاویندا دەبێتە جێگەی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆیی و وڵاتانی دراوسێ وەک ئێران.
ئەم ساڵ بەهۆی شەڕی ئێران رێژەی هاتنی گەشتیاریانی بیانی و بە تایبەتیش ئێرانی بۆ شاری وان بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
لەلایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و کاریگەری لەسەر نرخی کاڵا و خزمەتگوزاری گەشتیاری، وای لە گەشتیارانی ناوخۆیی تورکیا کردووە، کە وەکو ساڵانی پێشوو نەتوانن بۆ پشووی هاوینە تەنانەت گەشت لەنێوخۆی تورکیاشەوە بکەن.



