رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی سێ کەس لە باشووری کوردستان بە هەورە برووسکە گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
دوو کەس لەوان لە سنووری قەزای خورماتوو بوون.
دکتۆر هاروون رەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"رووداوەکان لە دوو شوێنی جیاوازدا روویانداوە. یەکەمیان لە سنووری گوندی ئاخجەمەشەت ناوچەی داودە بووە، کە هەورەبرووسکە لە مێرمنداڵێکی شوانی عەرەبی داوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە”.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خورماتوو ئاماژەی بەوەش کرد، لە رووداوێکی دیکەدا و لە سنووری گوندی ئەبوسەباح، هاووڵاتییەکی دیکەی عەرەب بە هەورەبرووسکەوە گیانی لەدەستدا.
هاوکات هەر ئەمڕۆ هاونیشتمانییەکی دیکە لە سنووری زەڕایەن بە هەورە برووسکە گیانی لەدەستدا.
سامان سابر، بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رەئووف بەگ لە قەزای شارەزوور، بە رووداوی راگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شوانێک لە سنووری ناحیەی زەڕایەن هەورەبرووسکە لێی دا و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."
سامان سابر گوتی: "شوانەکە سووریایی بوو و بۆ کارکردن هاتبووە زەڕایەن و تەمەنی 24 ساڵ بوو؛ بەهۆی زۆری سووتاوییەکەیەوە هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدابوو."
لە سنووری قەزای چۆمانیش هاونیشتمانییەک بە هەورە برووسکە بریندار بوو.
رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران بە رووداوی گوت: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەورەبرووسکە لە ماڵێکی دا لە گوندی دێڵزی لە سنووری قەزای چۆمان".
رەوەند مەغدید گوتی، بەهۆی دەنگە بەهێزەکەی هەورەبرووسکەکەوە ژنێک بەناوی (ن. ئ)ی پەنجا ساڵ لە هۆش خۆی چووە.
بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێ، هاونیشتمانییەکە گەیێنراوەتە نەخۆشخانەی چۆمان و دوای پشکنین دەرکەوتووە تەندروستیی جێگیرە و لە چەند کاژێری داهاتوودا نەخۆشخانە جێدەهێڵێت.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)