رووداو دیجیتاڵ
سالار محەممەد، بەرپرسی دابەشکردن و پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت: "دەمانزانی لە ئەم کاتەی ساڵدا کۆمپانیای (دانە گاز) چاکسازی دەکات و بەو هۆیەوە بڕی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە. هەر بۆیە زیاتر لە دوو مانگە ئامادەکاریمان کردووە و کۆگاکانمان پڕکردووە."
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، بۆ مانگێک و بەهۆی چاکسازییەوە کۆمپانیای دانە گاز بڕی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا لە ئەنجامی ئەو چاکسازییە، نرخی گازی ماڵان بەرز دەبێتەوە، سالار محەممەد دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و بە رووداوی گوت: "قەیرانی گاز لە هەولێر دروست نابێت. هاونیشتمانییان مانگانە بە نرخی بڕیار لە بارەوە لێدراو گازی ماڵان وەردەگرن و بە هیچ شێوەیەکیش نرخەکەی بەرز نابێتەوە. تەنیا ئەگەر هەیە نرخی گازی بازرگانی لە بەنزینخانەکان کەمێک بەرز ببێتەوە."
مانگانە لە هەولێر یەک بوتڵ گاز بە هەشت هەزار و 500 دینار بە سەر هاونیشتمانییان دابەش دەکرێت.
ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، نرخی یەک لیتر گازی بازرگانی لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە 450 دینار بوو، بەڵام هەفتەی رابردوو گەیشتە 650 دینار. هاوکات، لە دوێنێ پێنجشەممەوە نرخەکەی 100 دینار بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 750 دینار.
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی چاکسازییەکانی کۆمپانیای دانە گازەوە بڕی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان لە 640 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 520 ملیۆن پێ سێجا کەم دەبێتەوە.
رۆژی هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، عومەر عەبدوڵڵا، بەرپرسی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "هاونیشتمانییانی سنووری سلێمانی دڵنیا دەکەینەوە پێویست ناکات هیچ نیگەرانییەکیان لە ئەگەری دروستبوونی قەیرانی گاز هەبێت. گازێکی زۆری کۆگاکراومان هەیە."
سەبارەت بە چاکسازییەکانی کۆمپانیای دانە گاز، عومەر عەبدوڵڵا رایگەیاند: "پێش دوو مانگ ئامادەکاریمان کردووە و بەشی دوو مانگ بۆ دوو مانگ و نیو گازی ماڵانمان کۆگاکردووە و نرخەکەشی وەک خۆی دەمێنێتەوە."
مانگانە هاونیشتمانییان لە سلێمانی لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە یەک بوتڵ گاز بە نۆ هەزار دینار وەردەگرن. عومەر عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، لە مانگی داهاتووەوە هەوڵ دەدەن مانگانە دوو بوتڵ گاز دابەش بکەن.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)