رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پیشەسازیی کارەبای کرماشان رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا، نزیکەی 500 ملیار تمەن زیان بە ژێرخانی تۆڕی کارەبای پارێزگای کرماشان کەوتووە.
جەعفەر ئولفەتی نیا، گوتەبێژی پیشەسازیی کارەبای کرماشان ئەمڕۆ 13ی تەممووزی 2026، بە میدیای ئێرانی راگەیاند، زیانە بەردەوامەکانی جەنگی 40 رۆژەی ئێران، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر تۆڕی گواستنەوەی کارەبای پارێزگاکە.
ئولفەتی نیا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆی ئەو 500 ملیار تمەنە زیانەی بەر کەرتی کارەبای کرماشان کەوتووە، نزیکەی 400 ملیار تمەنی بەر ژێرخانی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا کەوتووە و نزیکەی 100 ملیار تمەنیشی زیان بەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای کارەبای ناوچەی رۆژئاوا گەیشتووە.
ئولفەتی نیا دەڵێت، هاوکاتبوونی بەرزبوونەوەی رێژەی بەکارهێنان و دابەزینی کارایی ئامێرەکانی تۆڕی کارەبا بەهۆی گەرماوە، کارکردنی هێزە تەکنیکییەکان و چاککردنەوەی کارەبای کرماشانی قورستر کردووە.
محەممەد ئەلەداد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تەوانیری رایگەیاند، لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، زیاتر لە دوو هەزار خاڵی تۆڕی کارەبای وڵات زیانیان پێگەیشتووە، نزیکەی 4200 مێگاوات لە توانای تۆڕی کارەبا کەمبووەتەوە.



