رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت زۆری خایاندووە و خەڵکی هیلاک کردووە. دەشڵێت، بانگەوازەکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە "چەواشەکارییە" و تاوەکو لایەنەکان لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکە رێکنەکەون، پەرلەمان کۆنابێتەوە.
عەباس فەتاح، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "ژیانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان بەجۆرێک ئاڵۆز بووە کە تەنیا دوو پرسیاری سەرەکییان لا دروست بووە؛ ئەرێ ئەم لایەنە سیاسیانە کەی حکومەت پێکدێنن و کەی مووچە دێت؟"
عەباس فەتاح رەخنە لە دروستکردنی دڵەڕاوکێ لای خەڵک دەگرێت سەبارەت بە پرسی مووچە و دەڵێت: "پێموانییە هەرێمی کوردستان بەم هەموو داهاتەی ئێستایەوە نەتوانێت 120 ملیار دینار بۆ کورتهێنانی مووچە دابین بکات، تاوەکو هەموو مانگێک دڵەڕاوکێ لەناو خەڵک دروست نەکرێت."
لەبارەی دابەشبوونی ئیداریی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی رەتیکردەوە کە سلێمانی تەنیا "زۆنی یەکێتی" بێت و گوتی: "سلێمانی هی هەموو حیزبەکانە، هەولێر و دهۆکیش بە هەمانشێوە. نابێت کوردستان دابەش بکەین."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمان، عەباس فەتاح بە "چەواشەکاری" ناوی برد کە داوا دەکرێت پەرلەمان بەبێ رێککەوتنی سیاسی کۆببێتەوە. ئەو دەپرسێت: "تۆ سەرۆکی حیزبەکانت نەتوانن لەگەڵ یەکدی کۆبببنەوە، پەرلەمانتار چۆن دەتوانێت لەناو هۆڵی پەرلەمان کۆببێتەوە؟"
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی: "پەرلەمان کۆنابێتەوە، دەبێت سەرەتا سەرۆکایەتییەکەی دیاری بکرێت و رێککەوتنی لەسەر بکرێت، هەروەها دەبێت لەسەر سەرۆکایەتیی هەرێمیش رێککەوتن بکرێت، دواتر کۆبوونەوە دەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی و یەکێتی هێزێکی هاوسەنگیان هەیە و هیچ لایەک ناتوانێت بەبێ ئەویتر رێژەی یاسایی تەواو بکات.
عەباس فەتاح داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن "زۆرترین سازش بکات" و دواتر یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش هەمان هەنگاو بنێن. گوتیشی: "نابێت پۆست ئەوەندە گرنگ بێت، بەڵکو دەبێت بەرنامە سیاسییەکە گرنگ بێت، ئەگەر نیازپاکی هەبێت چارەسەری کێشەکان ئاسانە."

