رووداو - قامیشلۆ بەهۆی قەیرانی دارایی حکومەتی سووریاوە، خانەنشینانی قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی بژێویی سەختدان و زۆربەی کات دوای بڕینی رێگەیەکی دوور، دەستبەتاڵ لە بنکەکانی وەرگرتنی مووچە دەگەڕێنەوە. بەڕێوەبەرایەتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی سووریا دەڵێت، بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینان مانگانە پێویستییان بە 750 ملیار لیرە هەیە، بەڵام "کێشەی دارایی" رێگرە. سەباح عەزیز، هاوژینی خانەنشینێکی نەخۆشە و چاوەڕێی مووچەی هاوژینەکەیەتی تاوەکو دەرمانی بۆ بکڕێت، بەڵام بێ ئومێد بووە. ئەو بە رووداوی راگەیاند: "بە خودا ئێستا دەرمانیم بە قەرز بە 160 هەزار لیرە کڕیوە؛ چۆن پێویستم بەو مووچەیە نەبێت؟ هاوژینەکەم خزمەتگوزاری قوتابخانە بوو، ئێستا جگە لە شەکرە و فشاری خوێن، تووشی جەڵتەی مێشکیش بووە و باری تەندروستی خراپە." خەیرەددین ئەنتەرات، خانەنشینێکی تەمەن 65 ساڵە و پێشتر فەرمانبەری کۆمپانیای گەنم بووە، ئەو بۆ وەرگرتنی مووچەکەی 65 کیلۆمەتر رێگەی بڕیوە تاوەکو بگاتە ناوەندی قامیشلۆ، بەڵام ئەویش وەک زۆربەی هاوڕێکانی دەستبەتاڵ گەڕایەوە. خەیرەددین دەڵێت: "خوشکی من، ژیان زۆر سەخت بووە. ئێمە خەڵکێکی هەژارین و ژیانمان تەنیا لەسەر ئەم مووچە کەمەیە، تەنیا خودا دەزانێت چۆن رۆژ دەکەینەوە." بڕیارەکە لە دیمەشقەوەیە فەرمانبەرانی حکومەتی سووریا لە قامیشلۆ، کە بەرپرسن لە دابەشکردنی مووچە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و دەڵێن: "ئەم بڕیارە لە دیمەشقەوە دراوە." بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتی (تەمینات)ـی حکومەتی سووریا پێشتر رایگەیاندبوو، بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینان لە سەرتاسەری وڵات مانگانە پێویستییان بە 750 ملیار لیرەی سووری هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشەی نەختینەوە، لە چەندین ناوچە خەرجکردنی مووچەکان راگیراوە یان دواکەوتووە. ئەمە لەکاتێدایە، بەهۆی دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی سووری بەرامبەر دۆلار، ئەو مووچە خانەنشینییەی کە دەشدرێت، بەشی پێداویستییە سەرەتاییەکانی چەند رۆژێکی خانەوادەکان ناکات.