رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی زیاتر لە 841 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان. دەشڵێت، لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی 6 دەکرێت. رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پارەی تەمویلی مووچەی مانگی شەش گەیشتووەتە هەولێر و دەڵێت: "کەمێک لەمەوبەر بڕی 841 ملیار و 161 ملیۆن دینار وەکو تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق." سەبارەت بەو بڕە پارەیەی لەلایەن بەغداوە بڕدراوە، وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، هاوشێوەی مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری "وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران، لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە." وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی دەکات، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە بڕی سێ ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دینار لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران نەنێردراوە، "کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی." لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەوە، وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوەکەدا روونیکردووەتەوە: "دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، راستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت."