رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هۆشداریی تووند لە زیادبوونی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە دەدات، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە؛ ئایا بینا و باڵەخانەکانی هەرێمی کوردستان مەرجەکانی سەلامەتییان تێدایە؟ چۆن خۆمان لە 'بۆمبە تەوقیتکراوەکانی' نێو ئۆتۆمبێل و ماڵەکان بپارێزین؟
بەرنامەی ئەم جارەی (لەگەڵ رەنج)ی تۆڕی میدیایی رووداو تیشک دەخاتە سەر وەرزی گەرمای بەهێز کە تێیدا ئەگەری ئاگرکەوتنەوە لە لوتکەدایە. بەرگریی شارستانیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کە لە رۆژانی داهاتوودا پلەی گەرما لە نێوان 47 تاوەکو 55 پلەی سیلیزی دەبن.
رێنماییەکان بۆ خۆپاراستن لە ئاگر و گەرما
بەپێی راگەیێندراوەکەی بەرگریی شارستانی، پێویستە هاوونیشتمانیان لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا ئەم کەرەستانە دووربخەنەوە: کەرەستە غازییەکان، چەرخ، سپراینەی پەستانیان بەرزە، خواردنەوە غازییەکان، عەتر و پاتری ئامێرە ئەلیكترۆنییەکان.
ئاماژەیان بەوەشداوە، کە پێویستە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکان بە بڕی 1 سانتیمەتر بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە و تانکی بەنزین بە تەواوی پڕ نەکرێت، باشتر وایە لە کاتی ئێواران یان شەواندا بەنزین تێبکرێت.
هەر لە رێنماییەکاندا هاتووە، کە نابێت تایەکانی ئۆتۆمبێل لە رادەی پێویست زیاتر هەوایان تێبکرێت، بەتایبەت لە کاتی گەشتە درێژەکاندا. بۆ ناو ماڵەکانیش، دەبێت بتڵی غاز لەژێر تیشکی راستەوخۆی خۆر نەبێت و هاوونیشتمانیان لە کاژێر 10:00ـی بەیانی تاوەکو 03:00ـی دوانیوەڕۆ خۆیان لە تیشکی خۆر بپارێزن.
شاخەوان سەعید: 700 شوێنمان سزادراون
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لە ستۆدیۆی رووداو رایگەیاند: " لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم هەوڵێکی باش دراوە؛ هیچ کەسێک بەبێ مۆڵەتی بەرگریی شارستانی ناتوانێت باڵەخانە دروست بکات. ئێمە لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەت یان ئاگرکەوتنەوە پێداچوونەوە بۆ مۆڵەتەکانیان دەکەین."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتی: "پار 700 شوێن بە پێبژاردنو داخستن سزادراون، دراونەتە دادگە و قایمقامی هەولێر. ئێستا لە 50%ی پڕۆژەکان مۆڵەتیان هەیە، ئێمە کەسەکە ناچار دەکەین مۆڵەتی تەواو بکات، بەپێچەوانەوە دەیدەینە دادگە".
لەبارەی ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە. شاخەوان سەعید دەڵێ:"بەشێک لە شوێنەکان ئارد، خۆڵ و گەچیان کردبووە ناو ئامێرە ئاگرکوژێنەوەکان. دەبێت ئەم ئامێرانە بە کواڵێتی کۆنترۆڵدا بێنە هەرێمی کوردستان. ئێمە کاتێک سەردانی چێشتخانەیەک دەکەین ئامێرەکانیان کۆدی بۆ دادەنێین تاوەکو کەسێکی دیکە نەتوانێت بۆ پشکنین بەکاربێن."
بەرگریی شارستانیی هەولێر هەوڵی کەمکردنەوەی رووداوەکان دەدات و گوتەبێژەکەیان لەوبارەیەوە گوتی: "ساڵانە سەدان سیمینار لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەین؛ رووداوەکان لە زیاتر لە 2000 رووداوەوە بوونەتە 700 رووداو، واتە 67% کەمیان کردووە."
پلەی گەرما چەند بەرز دەبێتەوە؟
د.سلێمان عەبدوڵڵا، مامۆستا لە بەشی جوگرافیای زانکۆی سەڵاحەدین لەبارەی پلەی گەرما دەڵێت: "پلەی گەرما لە هەندێک ناوچەی گەرمیان تاوەکو 50 پلە دەڕوات. هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی چڕی گەرما دێت، بەڵام ئاساییە چونکە عێراق و کوردستان هەمیشە لە هاویندا پلەی گەرمایان بەرزە. لە 10 گەرمترین ناوچەی جیهان، 6 ناوچەیان لە کوردستانن. ئەم شەپۆلانە لە ئەفریقا، سوودان و هیندستانەوە دێن".
بۆ پێوانەکردنی پلەی گەرما د.سلێمان عەبدوڵڵا باسی لە کێشەیەک کرد و گوتی:"وێستگەی پێویستی پێوانەکردنی گەرمامان نییە، چونکە لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە پلەی گەرما جیاوازە. پلەی گەرما لەبەر تیشکی خۆر لە کوردستان دەگاتە 60 پلەی سیلیزی."
"دەبێت لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما پشوو رابگەیێندرێت"
شوان کەمال، سەرۆکی رێکخراوی سەلامەتی پیشەیی کوردستان رەخنەی گرت و گوتی: "دەبێت لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما راگەیاندنی پشوو بە یاسا بکرێن، بەڵام ئێمە یاساییەکی وامان نییە و کرێکار لە 52 و 53 پلەدا کاری پێدەکرێت".
بە گوتەی شوان کەمال، ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاگر لاوازین و دەڵێت:"دەبێت سیستەمی رێگریکردن هەبێت نەک تەنیا کوژاندنەوە. لە رێگریکردن لە ئاگر ئێمە سفڕین. دەبێت سیستەمەکان بەردەوام پشکنینیان بۆ بکرێت. لە کوردستان ئارد و گەچ دەکەنە ناو بتڵەکانی ئاگرکژاندنەوە، پێویستە پڕکردنەوەیان بە شێوەیەکی زانستی بێت."
ئامێری ئاگرکوژێنەوە چۆن بەکاردێت؟
هەڵگورد وریا، کارمەندی سەلامەتی روونی کردەوە: "تاوەکو بتڵەکانی ئاگرکوژێنەوە هەڵنەپچڕێن، نازانین ئەسڵن یان تەقلید. شێوازی کوژاندنەوە بەپێی جۆری ئاگرەکە دەگۆڕێت. دەبێت هەموو ماڵێک لە چێشتخانەکەیدا ئامێری ئاگرکوژێنەوەی هەبێت. لە کاتی ئاگرکوژاندنەوە، دەبێت لە گۆشەی 30 بۆ 45 پلە بوەستیت و لە بنی ئاگرەکە بدەیت نەک سەرەکەی. سەرەتا 2 مەتر لێی دوور بە و کە ئاگرەکە کەم بووەوە ئینجا لێی نزیک ببەرەوە و بە جوانی بیکوژێنەوە".
تاریق زیاد، شارەزای میکانیکی ئۆتۆمبێل دەڵێت: "جۆرێک بتڵ هاتووە کە گچەکەی هەمیشە لەسەر رەنگی سەوزە، چ بەکاری بهێنیت یان نا، هەر بە پڕی نیشانی دەدات. جاری وا هەیە بۆ کوژاندنەوەی سەیارەیەک 20 بۆ 30 ئامێر بەکاردێت و هیچیان کار ناکەن چونکە فێڵیان تێدا کراوە. شۆفێران بۆ پشکنین ئامێر لە خزم و جیرانەکانیان بە قەرز دەهێنن و دوای پشکنینەکە بۆی دەگەڕێنەوە".
هەندێک جۆری ئۆتۆمبێل مەترسی دروست دەکەن. تاریق زیاد گوتی:" مەترسی لەسەر ئۆتۆمبێلە غازییەکان، هایبرید و کارەباییەکان هەیە. بەهێزکردنی لایتی ئۆتۆمبێل یەکێکە لە هۆکارەکانی سووتان. پاتری، بەردی گزۆز، عەینەک و پاوەربانک لە هاویندا دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا".
"پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان سیستەمی پێشکەوتوویان نییە"
لوقمان ئەحمەد، ئەندازیاری میکانیک باسی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کرد: "تاوەکو رادەیەکی زۆر لە پێداویستییەکانی ئاگرکوژێنەوە رازی نیم. ئاگری گەورە لە خاڵێکی بچووکەوە دەستپێدەکات و ئەگەر سیستەمی دروست هەبێت، زوو کۆنترۆڵ دەکرێت. حکومەت رێبەرییەکی لە ساڵی 2025 دەرکردووە، بەڵام دەبێت چاودێرییەکی توند هەبێت بۆ جێبەجێکردنی. زۆربەی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان سیستەمی پێشکەوتوویان نییە".
ئارام ئیبراهیم، خاوەنی کۆمپانیایەکی سەلامەتی ئاگر گوتی: "رێژەی پاودەر دەبێت 40 بۆ 80% بێت لە ناو ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەڵام بۆ هەرزانی کەم دەکرێتەوە. بازرگان هەبووە داوای کردووە گەچ بکرێتە ناو بتڵەوە. من لە تورکیا بارم بۆ هاتووە رەتم کردووەتەوە چونکە گەچی تێدا بوو نەک پاودەر و گازی هایدرۆجین".



