رووداو - دیجیتاڵ
زۆرینەی رەهای ئەو کرێکارانەی لە چێشتخانەکانی دهۆک کار دەکەن، خەڵکی دەرەوەی شارەکەن و زۆربەیان لە قەزای ئاکرێ و دەوروبەرییەوە هاتوون. جیاوازیی مووچە و نەبوونی هەلی کار لە شارۆچکەکان وایکردووە دهۆک ببێتە سەرچاوەی بژێوی بۆ گەنجانی دەرەوەی شار، لەکاتێکدا خاوەن چێشتخانەکان دەڵێن گەنجانی دهۆک ئامادە نین ئەو جۆرە کارانە بکەن.
نەشوان هەرکی، خەڵکی ئاکرێیە و 23 ساڵە لەنێو چێشتخانەکاندا کار دەکات. ئەو بۆ دابینکردنی بژێوی هەردوو هاوژینەکەی و منداڵەکانی، دوو هەفتە جارێک دەگەڕێتەوە لای خێزانەکەی. نەشوان سەبارەت بە جیاوازیی کارکردن لە ئاکرێ و دهۆک بە رووداوی گوت: "لە ئاکرێ بۆ 17 کاژێر کارکردن تەنیا 20 بۆ 25 هەزار دینارمان دەدەنێ، بەڵام لێرە لە دهۆک بۆ 7 تاوەکو 8 کاژێر کارکردن، 50 بۆ 60 هەزار دینار وەردەگرین، بۆیە ناچارین لێرە کار بکەین."
هیشام سەباح، کرێکارێکی دیکەی ئاکرێیە و لە یەکێک لە چێشتخانە قەرەباڵغەکانی دهۆک کار دەکات. ئەو دەڵێت مانگێک لە دهۆک دەمێنێتەوە و تەنیا هەفتەیەک دەگەڕێتەوە لای خێزانەکەی، چونکە وەک خۆی دەڵێت: "لە ئاکرێ کار نییە و ناچارم بۆ بژێویی ژیان بێمە دهۆک و رۆژانە 12 کاژێر کار بکەم."
بۆچی گەنجانی دهۆک کار ناکەن؟ بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە 80%ـی کرێکارانی چێشتخانەکانی دهۆک خەڵکی دەرەوەی شارەکەن. حەجی قاید کە خەڵکی قەسرۆکە و 16 ساڵە لە دهۆک وەک کاپتنی چێشتخانە کار دەکات، دەڵێت: "لە هەر چێشتخانەیەک 30 کرێکار هەبن، 20یان خەڵکی ئاکرێ و قەسرۆک و ئەو ناوچانەن، گەنجانی دهۆک و سێمێل و ئامێدی کەمتر ئەم کارانە دەکەن."
حوسێن مزیری، خاوەنی یەکێک لە کۆنترین چێشتخانەکانی دهۆک، ئاماژە بەوە دەکات کە گەنجانی نێو شارەکە خۆیان لەم کارانە بەدوور دەگرن و دەڵێت: "ئێمە حەز دەکەین خەڵکی دهۆک وەربگرین، بەڵام گەنجی دهۆک بە 20 هەزار دینار رازی نابێت، تەنانەت 50 هەزاریشی بدەیتێ هەر رازی نییە و دوای دوو سێ رۆژ کارەکە بەجێدەهێڵێت."
ئامارەکان بە کورتی:
- ژمارەی چێشتخانەکانی دهۆک: 86 چێشتخانە.
- ژمارەی کرێکاران: نزیکەی 5,000 کرێکار.
- رێژەی کرێکارانی دەرەوەی شار: زیاتر لە 80%.
- مووچەی رۆژانە لە دهۆک: 50 بۆ 60 هەزار دینار (بەپێی جۆری کار).
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی هوتێل و چێشتخانەکانی دهۆک، لێشاوی کرێکاران لە ئاکرێ و ناوچەکانی دەوروبەرەوە بۆ دهۆک بەردەوامە، ئەمەش وایکردووە بازاڕی کار لەو کەرتەدا بە تەواوی بکەوێتە دەست گەنجانی دەرەوەی ناوەندی شار.

