رووداو - دیجیتاڵ
لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12، پارێزگای دهۆک و دەوروبەری پڕ بوون لە چیرۆکی سەرکەوتنی جیاواز. لە نێوانیاندا سیپان خالید کە گەورەترین سەرکەوتنی ژیانی لە ژوورێکی سادەی ئاوارەییدا تۆمار کرد و ئایدن نزار کە توانی نمرەی 99.4 بەدەستبهێنێت، چیرۆکی ماندووبوون و گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەگێڕنەوە.
سیپان خالید، خەڵکی گوندی (تلبەنات)ـی شنگالە و ماوەی 12 ساڵە ئاوارەی کەمپی خانکێیە لە سنووری سێمێل. ئەو سەرەڕای ژیان لە نێو کەمپ و بەرگەگرتنی گەرما و سەرما، توانی بە کۆنمرەی (98.57) ببێتە قوتابی یەکەم لەسەر ئاستی پەروەردەی شنگال (بەشی زانستی).
سیپان کە رۆژانە زیاتر لە 12 کاژێر خوێندوویەتی، بە رووداوی گوت: "ئەگەر مرۆڤ ئامانجی هەبێت، هیچ شتێک نابێتە رێگر لەبەردەمی؛ هەر کەسێک بیەوێت بگاتە ئامانجەکەی نابێت رێگریی بۆ خۆی دابنێت. دۆخی ئاوارەیی نەبووە رێگر لەوەی بخوێنم یان بێهیوا ببم."
ئایدن نزار، یەکەمی سەر ئاستی پارێزگای دهۆکە لە بەشی زانستی و کۆنمرەی (99.4)ـی بەدەستهێناوە. ئەو لە قوتابخانەیەکی حکومیی کوردی بە زمانی ئینگلیزی خوێندوویەتی و دەڵێت، وانەکانی کوردی و عەرەبی بۆ ئەو پڕ لە زەحمەت بوون.
ئایدن دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا ماندووبوونم بەخەسار نەچوو. من ئاواتی دایک و باوکم بووم و ئەوان زۆر هاوکارییان کردم، دڵخۆشم کە سەرئەنجام سەرەنجام سەری ئەوانم بەرز کردەوە."
سەرکار سەلاحەدین، یەکەمی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و دووەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانە لە بەشی وێژەیی. ئەو کە کۆنمرەی (96.5)ـی بەدەستهێناوە، چاوی لە کۆلێژی یاسایە و دەڵێت: "هەر لە سەرەتاوە ئامانجم کۆلێژی یاسا بووە، کردنەوەی ئەو بەشە لە زاخۆ هاندەرێکی گەورە بوو بۆم تاوەکو زیاتر تێبکۆشم و بگەیمە ئەم ئامانجە."
یەکەمەکانی دیکەی سنووری دهۆک:
سیداد سابیر: یەکەمی پەروەردەی ئاکرێ (بەشی زانستی) بە تێکڕای 98.57.
یوسف عەدنان: یەکەمی پەروەردەی شێخان (بەشی زانستی) بە نمرەی 97.63.
ئاهەنگ شێرزاد: یەکەمی پەروەردەی ئامێدی (بەشی زانستی) بە نمرەی 97.14.
ئەمساڵ سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ درەوشانەوەیەکی بەرچاویان لە ئەنجامەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەخۆوە بینی، بەتایبەتی ئەو قوتابیانەی لە دۆخێکی سەختی ئاوارەیی و ژیان لە کەمپەکاندا توانییان نمرەی بەرز تۆمار بکەن.

