رووداو دیجیتاڵ
تەڤگەری ئازادی (کەجەکەی پێشوو) دەڵێ، ساڵێک بەسەر بڕیاری چەکدانان و سووتاندنی چەکەکان تێدەپەڕێ، بەڵام حکومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکات.
ئەمڕۆ هەینی 10ی تەممووزی 2026، تەڤگەری ئازادی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، پار لە رۆژی 11ی تەممووزدا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە و 29 لە هاوڕێیانی، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ، لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای کرد شەڕ رابگیرێ و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی تەڤگەری ئازادیدا ئاماژە بە وەستاندنی شەڕ کراوە و دەڵێت: "ئێمە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداریمان دا، تەنانەت گەریلاکانیشمان لەنێو سنوورەکانی تورکیا کشاندەوە بۆ ئەوەی رێگە بۆ ئاشتی خۆش بێت".
کەجەکە رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێ و دەڵێت: "بەرپرسانی تورکیا تەنیا قسە دەکەن و لەسەر زەوی هیچ کارێکیان نەکردووە بۆ ئەوەی مافی کورد بدەن، یان یاسایەکی نوێ بۆ ئاشتی دەربکەن."
کەجەکە باس لە داواکارییەکانی دەکات، لەوانەش هەبوونی یاسایەکی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری و دەڵێ: "دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بێت و بتوانێت کاربکات، چونکە بەبێ ئەو، چەکدانان و ئاشتی سەرناگرێ."
تەڤگەری ئازادی ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێمە هێشتا لەسەر رێگەی سیاسی و ئاشتی سوورین"، بەڵام دەبێت تورکیاش بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات تاوەکو هەموو گەلان بە یەکەوە بە ئاشتی بژین.
پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 دەستی پێکردووە. کورد بە (پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی) و تورکیاش بە (تورکیای بێ تیرۆر) ناوی دەبەن.
پرۆسەکە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبووەشێنێتەوە.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی بە شێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18-02-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.
دەقی راگەیێندراوەکە:
"11ی تەممووز، یەکەمین ساڵیادی چەکسووتاندنە لە ساڵی 2025. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لەگەڵ 29 لە هەڤاڵانی خۆی، پار کاتێک 11ی تەممووز بوو، لە بەردەم ئەشکەوتی مێژوویی جاسەنە لە نزیک سلێمانی چەکەکانی خۆیان سووتاند. ئەم رێوڕەسمی سووتاندنی چەکە کە لەبەردەم کۆمەڵێکی گرنگ لە رۆژنامەنووسان ئەنجامدرا، لەلایەن تەواوی جیهانەوە لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ کرا. بۆ چارەسەری سیاسیی دیموکراسیانەی پرسی کورد لە تورکیا، وەک هەنگاوێکی گرنگ بینرا.
رێبەر ئاپۆ لە (بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی) لە 27ی شوباتدا، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پرسی کورد و رێبازەکانی چارەسەرکردنی بە شێوازێکی جەوهەری و سەرنجڕاکێش دیاری کرد؛ دەستنیشانی کرد کە لەسەر بنەمای قبووڵکردنی بوونی کورد، کاتی چارەسەری دیموکراسی هاتووە. بۆ پێکهێنانی ئەمەش، بانگەوازی کرد کە پەکەکە کۆتایی بەو کاروچالاکیانە بهێنێت کە لەژێر ناویدا دەکران و کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری دژی تورکیا بهێندرێ. دوای ئەم بانگەوازییە، لە 1ی ئاداری 2025دا ئێمە ئاگربەستمان راگەیاند. پەکەکە لە نێوان 5 – 7ـی ئایاردا کۆنگرەی 12یەمی خۆی بەست و بڕیاری دا کۆتای بەو کاروچالاکیانە بهێندرێن کە لە ژێر ناوی پەکەکەدا دەکران و تێکۆشانی چەکداری دژی تورکیا کۆتایی پێبهێندرێ. هاوکات، بڕیاری وەرگرت کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بکرێ.
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرییمان و هەڤاڵانمان، لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا بۆ ئەوەی ئیرادە و بڕیارداریی گۆڕینی ستراتیژی و قبووڵکردنی ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراسی نیشان بدەن، چەکەکانی خۆیان سووتاند. بۆ ئەوەی ئیرادەی پێداگرانە لەسەر ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراسی نیشان بدرێ، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری بەرپرسیارێتیی ئەو گرووپەی لەئەستۆگرت. رێوڕەسمی سووتاندنی چەکەکانیش وەک سیمبوولی گۆڕانکاریی ستراتیژی ئەنجامدرا.
هاوڕێمان بەسێ هۆزات کە بەرپرسیاری گرووپە 30 کەسییەکە بوو، سەبارەت بە پێکهاتنی ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە گوتی، وەک رێبەر ئاپۆ لە بانگەوازی 27ی شوباتدا ئاماژەی پێکردووە، پێویستە مەرجە یاسایی و سیاسییەکان جێبەجێ بکرێن. رێوڕەسمی سووتاندنی چەکەکان بووە راگەیاندنی ئەوەی کە گەڕانەوە بۆ ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری روونادات. لە بەرانبەر دەستنیشانکردنی ئەم ئیرادەیەدا، دەبووایە دەوڵەتی تورک لە رووی جێبەجێکردنی ستراتیژی تێکۆشانی سیاسیی دیموکراسی هەنگاوی یاسایی و سیاسی بنایە. بەڵام ساڵێکە هەنگاوی لەم شێوەیە نەنراوە.
لە ماوەی ساڵێکی پرۆسەکەدا تەڤگەری ئازادیمان بۆ جێبەجێکردنی پێویستییە یاسایی و سیاسییەکان هەنگاوی تاکلایەنەی ناوە. هەڤاڵ سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بۆ رای گشتی راگەیاند کە گەریلاکان کشاونەتەوە بۆ دەرەوەی سنووری تورکیا، ئەو شوێنانەیان بەجێهێشتووە کە مەترسیی شەڕیان تێدا هەبووە. ئەم راگەیێندراوە بۆ ئەوە بوو کە زەوینە بۆ دەوڵەتی تورک بڕەخسێندرێ تاوەکو هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێت. تەڤگەری ئازادیمان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی کرد، بەڵام دەوڵەت نە هەنگاوی نا، نە بۆ چارەسەری سیاسیی دیموکراسی زەمینەی کۆمەڵایەتی رەخساند. تێگەیشتن و مامەڵە نەرێنییەکانی رابردوو بەرانبەر رێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیمان، بە ئەنقەست درێژەیان پێدرا.
بەم دواییە گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێ، ئایا یاسای چوارچێوەیی بنەڕەتی دەربکرێ یان نا، ئەم یاسایە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە پێشنیاز کراوە. نە وەڵامی پێشنیازە گونجاوەکانی رێبەر ئاپۆ درایەوە، نە لەم بابەتەدا تەڤگەری ئازادیمان ئاگادارکراوەتەوە. بەردەنگی یەکەم و سەرەکیی یاسای ناوبراو، رێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیمانە، بەڵام سەرەڕای ئەم راستییەش، باس لە پڕۆژەیاسایەکی یەک لایەنە دەکرێ، ئەمەش ئەوە دەخاتەڕوو کە نزیکایەتییەکی جیدی بەرانبەر بە پرسەکە و پرۆسەکە نیشان نادرێ. لە هەمووشیان گرنگتر، ئەو یاسایەی کە دەیانەوێ ئامادەی بکەن، تەنیا دەیبەستنەوە بە دانانی چەکەوە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە پرسی سەد ساڵە بە شێوازێکی راست هەڵناسەنگێندرێت. ئەم یاسایە پێش هەر شتێک دەبێت ببێتە ئەو یاسایەی کە پێگەی رێبەر ئاپۆ و کادرە پێشەنگەکانی تەڤگەری ئازادیمان دیاری بکات و رێگەی چارەسەری پرسی کورد دەستنیشان بکات.
لەگەڵ ئەم راستییەشدا، ئەو قسانەی کە دەڵێن رێبەرەکەمان لە دەرەوەی ئەمە دەهێڵدرێتەوە، بە واتای تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دێت. گەلی ئێمەش و تەڤگەری ئازادیی ئێمەش چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە، نزیکایەتییەک دوور لە مەرجەکانی کار و ژیانی ئازادیی رێبەر ئاپۆ، قبووڵ ناکرێ. لەم پرۆسەیەدا پێش هەر شتێک دەبێت ئەم راستییە بزانرێت.
لە یەکەمین ساڵیادی رێوڕەسمی سووتاندنی چەکەکاندا لە 11ی تەممووز، ئێمە بە ناوی تەڤگەری ئازادییەوە جارێکی دیکە پێداگریی خۆمان لەسەر بابەتی ستراتیژیی تێکۆشانی سیاسەتی دیموکراسی رادەگەیێنین. سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر کۆتاییهێنان بەو کارانەی لەژێر ناوی پەکەکە دەکرێن و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری تێپەڕیوە، هەنگاونەنانی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نیشانەی نزیکایەتییەکی راست نییە بەرامبەر بە پرۆسەکە. ئاشکرایە لە ئەزموونەکانی چارەسەرکردنی شەڕدا، ئێمە گونجاوترین نزیکایەتی نیشان دەدەین. دەزانرێ کە ئێمە ئەمە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ژیانی دیموکراسی و ئازادی گەلەکەماندا دەکەین. بەرپرسیارێتیی هەموومانە کە تورکیایەکی دیموکراسی بونیات بنێین کە گەلانی ئێمە لەسەر بنەمای تێکەڵیی دیموکراسی بە شێوازێکی ئازاد تێیدا بژین. گەلی کورد و تەواوی گەلانی تورکیا بۆ خوڵقاندنی تورکیایەکی بەم شێوەیە، دەبێت بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان لە هەموو لایەنێکەوە بەجێبهێنن. ئێمەش بەپێی بەرپرسیارێتیی خۆمان بەرامبەر بە گەلەکەمان، لە چوارچێوەی مانێفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراسیی ڕێبەر ئاپۆدا، لە ئێستا و لە داهاتووشدا بەرپرسیارێتیی خۆمان بەجێدەگەیەنین."


